بەربەستە گەورەکە نەماوە؛ گفتوگۆی نێوان ریال مەدرید و ڤینیسیۆس جونیۆر دەستپێدەکاتەوە
چابی ئاڵۆنسۆ گەورەترین بەربەست بوو..

یاریگا –
ریال مەدرید گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەڕازیلی دەستپێدەکاتەوە.
تۆڕی ESPN بڵاویکردووەتەوە، دوای رۆیشتنی چابی ئاڵۆنسۆ، ریال مەدرید بڕیاریداوە بەمزووانە لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بکات و هەموو هەوڵێک دەدات بەر لە مۆندیال گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید بەربەستێکی گەورە بوو لەبەردەم نوێکرانەوەی ڤینی تەنانەت باس لەوە دەکرا ئەگەر ئاڵۆنسۆ لە پۆستەکەی بمێنێتەوە ئەوا ئەو یاریزانە لە ریال مەدرید نامێنێتەوە.
ڤینیسیۆس لە سەردەمی چابی ئاڵۆنسۆ بەشداریی 33 یاریی کرد بەڵام تەنیا 9 یاریی تاوەکو کۆتایی لە یاریگا مایەوە و لە 4 یارییش یەدەک بوو.

بەڵام سەرەڕای دوورخرانەوەی ئاڵۆنسۆ، ئێستا یەک بەربەستی دیکە لە بەردەم نوێکرانەوەی گرێبەستەکەی جونیۆر ماوە و هەردوولا لەسەر مووچەی نوێی یاریزانەکە ناکۆکن.
مووچەی ساڵانەی ئێستای ڤینیسیۆس لەدوای باجدان و بە پاکی بڕی 17 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان کە لە ئاریای 2025 بەڕێوەچوو ریال مەدرید ئامادەبوو مووچەکەی زیاد بکات بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام هێرشبەرە بەڕازیلییەکە داوای 30 ملیۆن یۆرۆی کردووە.
ریال مەدرید بڕوای وایە چانسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڤینی زۆرە و دەتوانن لە رێگەی پێشنیارێکی وەک ئەوەی کیلیان ئێمباپێ و بە زیادکردنی بڕی پاداشت لە گرێبەستەکەدا بگەنە رێککەوتن و یاریزانەکە بە مانەوە رازی بکەن.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، ریال مەدرید پلانی دارشتووە، بەر لە یارییەکانی جامی جیهانی 2026 گرێبەستەکەی ڤینیسیۆس نوێبکاتەوە.
ڤینی دوایین جار لە 2023 گرێبەستەکەی بۆ چوار وەرزی دیکە نوێکردنەوە و پاش 18 مانگی دیکە گرێبەستەکەی بەسەردەچێت.
ڤینی لە هاوینی 2018 بە 45 ملیۆن یۆرۆ لە فلامینگۆی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 150 ملیۆن یۆرۆیە.
لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 346 یاریی بۆ ریال مەدرید کردووە، 111 گۆڵی کردووە و 94 گۆڵی دروستکردووە.
دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ، سێ نازناوی لالیگا، دوو جامی جیهانی یانەکان، یەک جامی کیشوەرەکان، سێ سوپەری ئیسپانیا و یەک جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.
تاوەکو کۆتایی مەدریدیم؛ ریال مەدرید و ڤینیسیۆس جونیۆر گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەنەوە


