دوایین پەرەسەندن؛ بڕۆنۆ فێرناندێش بڕیاری كۆتایی دەربارەی داهاتووی دەدات
یانەکانی سعوودیە گرنگی بە گواستنەوەی دەدەن

یاریگا –
بڕۆنۆ فێرناندێش، کاپتن و ئەستێرەی هێڵی ناوەندی مانچێستەر یونایتد داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکەی یەکلاییدەکاتەوە.
برۆنۆ لە ساڵی 2020 لە سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتووگالییەوە بە بڕی 65 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە ریزی شەیتانە سوورەکانەوە کرد و گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت.
لە مانگی دیسێمبەردا، ئەستێرە پۆرتووگالییەکە ئاشکرایکرد کە لە هاوینی رابردوو یانەکەی ویستوویەتی بیفرۆشێت، ئەمەش ئەگەرەکانی رۆیشتنی یاریزانەکەی لە مێرکاتۆی زستانەدا زیادکرد، یانەکانی خولی سعوودی هاتنە سەرهێڵ و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی یاریزانەکە دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سەن ـی بەریتانی، بڕۆنۆ بڕیاریداوە ئەم وەرزە لەگەڵ مان یونایتد تەواوبکات و لە گواستنەوەی زستانەدا ریزەکانی یانەکە بەجێنەهێڵێت. یاریزانە 31 ساڵانییەکە لە کۆتایی وەرز و دوای کۆتایهاتنی مۆندیالی 2026 چارەنووسی خۆی یەکلاییدەکاتەوە و یانەی داهاتووی دیاریدەکات.
لە کۆتاییدا سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرچەندە یانەکانی سعوودیە لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەکو ئەستێرەکەی شەیتانە سوورەکان پەلکێشی سعوودیە بکەن، بەڵام بڕۆنۆ ئارەزووی مانەوە لە ئەوروپا دەکات و بەدوای یەکێک لە یانەکانی خولەکانی ئەوروپادا دەگەڕێت.

بڕۆنۆ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لەکۆی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی لە 310 یاریدا کردووە، لەو ژمارە یارییە، 103 گۆڵی کردووە و 95 ئەسیستی دروستکردووە.



