یاریزانێک لە پرێمەرلیگ بێزارە و بڕیاری رۆیشتن دەدات
لە ژیانی ئینگڵتەڕا بێزارە

یاریگا –
لوکاس پاکێتا، یاریزانی یانەی وێستهام، لە ژیانی ئینگڵتەڕا بێزارە و دەیەوێت هەرچی زووە کاروانی یاریکردنی بگوازێتەوە وڵاتێکی دیکە.
یاریزانە بەڕازیلییەکە، لە یاریی بەرامبەر کوینس پارک رێنجەرز، لە جامی یەکێتیی ئینگڵتەڕا، داوای لە یانەکەی کرد بۆ ئەو یارییە بانگێشت نەکرێت چونکە هەست بە دڵتەنگی و بێزارییەکی زۆر لە ئینگڵتەڕا دەکات و دەیەوێت بگەڕێتەوە بەڕازیل و بۆ یانەی فلامینگۆ یاری بکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیان، یانە بەرازیلییەکە لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی ناوەڕاستکارە 28 ساڵانییەکە ئامادەیە گرێبەستێکی 40 ملیۆن یۆرۆیی پێشکەش بکات، چاوەڕواندەکرێت لە رۆژانی ئایندەدا گفتووگۆ لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکدا بکات، بەڵام وێستهام وەک یاریزانێکی گرنگ و سەرەکی لە ناوەڕاستکارەکەیان دەڕوانێت و نایەوێت ئێستا دەستبەرداری بن، چونکە یانەکە لە دۆخێکی خراپدایە و لە پرێمەرلیگ لە لێواری دابەزیندایە.
سەرچاوەکانی نزیک لە یاریزانەکە، ئاماژە بەوە دەدەن کە بەدڵنیاییەوە پاکێتا وەرزی داهاتوو لە یانە لەندەنییەکە بەردەوام نابێت.
ئاستی ئەستێرە بەڕازیلییەکە لەدوای تۆمەتبارکردنی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئینگڵتەڕا بە ئەنجامدانی قومارکردن، بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، هەر بەهۆی ئەو تۆمەتەوە یانەی مانچێستەر سیتی لە گرێبەستکردن لەگەڵ پاکێتا کشایەوە.



