بۆڕووسیا دۆرتموند بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی جۆب بێلینگهام دەدات

یاریگا –
بۆڕووسیا دۆرتموند بڕیاریداوە پشتیگری جۆب بێلینگهام، یاریزانی ناوەڕاستکاری یانەکەی بکات، دوای ئەوەی یاریزانەکە بە سەرەتایەکی خراپ لە بۆندسلیگا دەستیپێکرد.
|
بەڵام ئیدارەی یانە ئەڵمانییەکە پێیانوایە، بێلینگهامی 21 ساڵان دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ئاستی خۆی و هاوشێوەی براکەی سوود بە یانەکە بگەیەنێت.
جۆب، شوێن پێی جودی برای هەڵگرت و هاوشێوەی ئەو لە سەندرلاندەوە بە بڕی 27.8 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە دۆرتمۆندەوە کرد، بەڵام نەیتوانی وەک ئەو لە یانە ئەڵمانییەکە بدرەوشێتەوە.
جود لە 132 یارییدا، 24 گۆڵ و 25 ئەسیستی بۆ دۆرتمۆند کرد، لەکاتێکدا جۆب لە 27 یارییدا تەنها یەک گۆڵی کردووە و
لە پێنج یارییدا بەشێوەی سەرەکی یاریی کردووە و لە دۆخێکی سەختدایە.
بێلینگهام لە دەرەوەی یاریگاش دۆخی باش نییە، رۆژنامەی بێڵد، ئاشکرایکردووە کە مارک بێلینگهام، باوکی جۆب، لە یاریی یانەکەی بەرامبەر سانت پاوڵی رەخنەی لە گۆڕانکاریپێکردنی کوڕەکەی و ئاستی یانەکە گرتووە و لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە تووشی دەمەقاڵی بووە.
دەستەی کارگێڕیی یانەکە پێیانوایە جۆب لە راهێنانەکاندا ئاستێکی زۆر نایاب پێشکەشدەکات، و پێیانوایە دەتوانێت ئەو ئاستە بۆ نێو یاریگا بگوازێتەوە، بۆیە هیچ یاریزانێکی هێڵی ناوەند ناگوازنەوە و پشت بە بێلینگهامی لاو دەبەستن.



