ئەستێرەیەکی مانچێستەر سیتی بەهۆی جامی جیهانی هاوسەرگیرییەکەی دوا دەخات
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێش هەمووشتێکە

یاریگا –
جیانلویجی دۆنارۆما، گۆڵپارێزی ئیتاڵیا و مانچێستەر سیتی، بەهۆی پەیوەندی کردنی بە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی هەڵوەشاندەوە.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نەیتوانی راستەوخۆ پشکی بەشداری کردنی لە جامی خیهانیدا بەدەستبهێنێت و ئێستاش بە یاریی پاشکۆ دەبێت سەرکەوتنیان بۆ پاڵەوانەتییەکە یەکلایی ببێتەوە، کە لە ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردەی ئازۆری سەرەتا رووبەڕووی ئیرلەندای باکوور دەبێتەوە و دواتر لە مانگی ئازاردا رووبەڕووی براوەی یاریی وێڵز و بۆسنە دەبێتەوە، بەڵام دۆنارۆما دڵنیایە لە کۆتاییدا لەم هاوینەدا دەگەنە پاڵەوانێتییە گەورەکە.
ئینزۆ رایۆلا، بەڕێوبەری کارەکانی گۆڵپارێزە ئیتاڵییەکە لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆ سپۆرتیای ئیتاڵیا گوتی:
بڕیار وابوو دۆنارۆما ئەم هاوینە هاوسەرگیری بکات بەڵام پڕۆسەکەی دواخست، چونکە پابەندبوونی بە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێش هەمووشتێکە، مۆندیال بۆ ئەو گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەو ویستویەتی بە تەواوی سەرنجی خۆی لەسەر یارییەکان بێت چونکە لە دڵەوە حەز دەکات بەشداری مۆندیال بکات.
2025 ساڵێکی نامۆ بوو بۆ دۆنارۆما کە نزیکەی هەموو نازناوەکانی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بردەوە بەڵام لە مانگەکانی کۆتایی گرێبەستەکەیدا یانەکە دەستبەرداری بوو و دواجار پەیوەندی بە مانچێستەر سیتیەوە کرد. رایۆلا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، هاوینێکی پڕ سترێس بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە پاریس روویدا، رەنگە رۆژێک بێت بۆمان روون بکەنەوە کە چی روویداوە و بۆچی ئەو بڕیارانە دراون، بەڵام بۆ ئێستا چێژ لە کاتەکانی لە مانچێستەر سیتی وەردەگرێت.



