Loading...
ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکەی پێرێز؛ چابی ئاڵۆنسۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە

دەرگاکانی میرکاتۆ دادەخات

Yariga App

یاریگا –

کارگێڕی یانەی ریاڵ مەدرید بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێکی نوێی دروستکەری یاری لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا رەتکردووته‌وه‌ ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئاڵۆنسۆ ناچار دەکرێت چاره‌سه‌رێك لەناو خودی پێکهاتەی ئێستای تیپەکەی بدۆزێته‌وه‌.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی روونیکردووەتەوە، ریاڵ مەدرید 2025 بەرێدەکات لە کاتێکدا بەدەست کەلێنێکی روونەوە دەناڵێنێت لە رۆڵی دروستكه‌ری یاریی لە هێڵی ناوەڕاستدا، بەو پێیەی نەیتوانی قەرەبووی تۆنی کروسی ئەڵمانی بکاتەوە دوای وازهێنانی لە 2024، یان لۆکا مۆدریچ دوای رۆیشتنی بۆ میلان لە هاوینی رابردوو.

ریاڵ مەدرید لە مێرکاتۆی هاوینی رابردوودا چاوپۆشی لە گەڕان بەدوای دروستکەرێکی یاریی نوێ کرد، بیرۆکەی کارگێڕی ئەوە بوو کە توخمەکانی ئێستای هێڵی ناوەڕاست بەسن بۆ ئەوەی یەکێکیان سەرکردایەتییەکە بگرێتە دەست.

هەوڵەکانی چابی ئاڵۆنسۆ، بەتایبەت لەگەڵ ئاردا گولەری تورکی دوای دەستکاریکردنی شوێنی یاریکردنی، دەستەوەستانی یانەکەی دەرخست لە قەرەبووکردنەوەی کروس یان مۆدریچ.

گولەر سەرەتا لێک تێگەیشتنێکی باشی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ نیشاندا کاتێک لە مۆندیالی یانەکاندا ئەرکی جوڵێنەری تیپەکەی لە ناوەڕاستەوە پێ سپێردرا، بەڵام لە یارییەکانی مانگی کانوونی یەکەم  دره‌وشانه‌وه‌ی لەدەستدا، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر دانیشتنی لەسەر کورسی یەدەگ بەرامبەر مانچستەر سیتی هه‌بوو.

گولەر ساڵەکەی بەڕێکرد وەک تاکە یاریزان کە بەشداری لە سەرجەم 25 یارییەکەی تیپەکەدا کردبێت، بەڵام لە رووی ژمارەی خولەکەکانی یاریکردنەوە لە پلەی حەفتەمه‌.

کاماڤینگا و سیبایۆس متمانه‌یان پێناكرێت

سەبارەت بە ئێدواردۆ کاماڤینگا کە پاڵێوراو بوو بۆ رۆڵی دروستکردنی یاری لە ناوەڕاست، لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو و زیاتر مەیلی بۆ لای راست هەیە، له‌وانیه‌ ئاڵۆنسۆ لە 2026 جارێکی تر تاقی بکاتەوە، بەڵام پێکانە بەردەوامەکانی ڕەنگە بیرۆکەکە پەک بخات

دانی سیبایۆسـیش لە چەند یارییەکی کەمدا لەگەڵ چابی دەرکەوت، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی تایبەتمەندییەکانی دروستکەری یاریی کلاسیکییە و دیارترین بەشداریکردنی بە شێوەی سەرەکی بەرامبەر مانچێستەر سیتی بوو، بەڵام راهێنەر دەرفەتی پێویستی پێنەدا بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت.

بێلینگهام و ڤاڵڤێردی.. بژاردەی هێرشبەرانە

دوو یاریزانی دیکەی ناوەڕاست هەن کە مەیلیان زیاتر بۆ هێرشبردنە، ئەوانیش فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی و جود بێلینگهامن، چابی دەتوانێت وەک رێکخەری یاری تاقییان بکاتەوە. بەڵام بە بڕوای مارکا، ئەم دووانەیە تاوه‌كو ئێستا باشترین ئاستیان لەگەڵ راهێنەرە ئیسپانیه‌كه‌ پێشکەش نەکردووە.

ڤاڵڤێردی بەهۆی دابڕانی دانی کارڤاخال و ترێنت ئەلیکساندەر ئاڕنۆڵدەوە شوێنی بەرگری باڵی راستی پڕکردەوە، و سەرەڕای گەڕانەوەی بۆ ناوەڕاست، نەیتوانی سەرکردایەتییەکە بگرێتە دەست. پێشتر کارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری پێشوو لە وەرزی رابردوو دوای وازهێنانی کروس لە قوڵایی یاریگا و بنیاتنانی یاری تاقیکردبووەوە.

چابی پێشتر دەربارەی کاپتنەکەی ئۆرۆگوای گوتبووی،

“کەسی زۆرم نەبینیوە خاوەنی ئەو ئاستە جەستەییە بێت، ستیڤن جێراردم بیر دەخاتەوە”.

سەبارەت بە بێلینگهام، کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان، ئەویش نەبووەتە عەقڵی تیپەکە، سەرەڕای ئەوەی لە چەندین بۆنەدا لە پشت هێرشبەرانەوە یاری کردووە.

لە ڕاستیدا، ساڵی 2026 دەبێت گونجاوترین شوێن بۆ بێلینگهام لە سیستمەکەی چابی یەکلایی بکاتەوە؛ کاتێک بە سێ هێرشبەر یاری دەکرێت، ئەو مەیلی بۆ لای چەپ هەیە، و لەگەڵ دووانەی هێرشبەریشدا رۆڵی دروستکەری یاری دەبینێت، بەڵام دەست بەسەر ریتمی یارییەکەدا ناگرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، چابی پێی وایە ئەستێرە ئینگلیزییەکە بۆ رۆڵی پلاندانەر  گونجاوە، وەک ئەوەی لە کاتی گەیشتنیدا گوتی، بە روونی وەک یاریزانێکی ناوەڕاست دەیبینم، بە هەموو ئەو توانایانە هەوڵ دەدەین بیکەینە کاریگەرترین یاریزان، ئەمەش یەکێکە لەو هەنگاوانەی دەبێت بینێین.

بابەتی زیاتر

Back to top button