
یاریگا –
ساندڕۆ رۆسێل دان بەوەدا دەنێت کە لە ساڵی 2003، کاتێک ئەندامی دەستەی کارگێڕی بووە، جێگری پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی ناسیوە، ئەم گێڕانەوەیە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو قسانهیه کە خوان لاپۆرتا له دادگا باسی کردووە.
رۆسێل بەرگرییەکانی بارسێلۆنا لە کەیسی نێگرێرا هەڵدەوەشێنێتەوە
رۆژنامهی ماركای ئیسپانی ئاشكرایكردووه، ساندڕۆ رۆسێل،كه له 2010 بۆ 2014 سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا بوو له 2003 بۆ 2005 ئەندامی دەستەی کارگێڕی بووه، لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا وەک تۆمەتبار لە کەیسی نێگرێرا، دانی بەوەدا نا کە خوسێ ماریا ئێنریکی نێگرێرای لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتادا ناسیوە، ئەم لێدوانە زۆر گرنگە چونکە راستەوخۆ پێچەوانەی وتەکانی سەرۆکی ئێستای یانەکەیە لاپۆرتایه کە چەند رۆژێک لەمەوبەر رەتیکردەوە هەرگیز نێگرێرای ناسیبێت.
@marca 👀 Rosell reconoce que conoció al exvicepresidente arbitral en 2003, cuando formaba parte de la junta, en una versión que contrasta con la ofrecida por Laporta https://t.co/ovimpShxK4
— MARCA (@marca) December 22, 2025
گرنگترین خاڵەکانی وتەکەی رۆسێل:
1. یەکەم ناسین:
رۆسێل دەڵێت،
نێگرێرام لە ساڵی 2003 ناسی کاتێک چووینە ناو یەکەم دەستەی کارگێڕی لاپۆرتا، کەسێک نێگرێرای وەک ئەو کەسە پێ ناساندم کە مێژوویەکی هەبوو لە پێشکەشکردنی راوێژی ناوبژیوانی بە یانەکە، بەم وتەیە، رۆسێل دەیسەلمێنێت کە نێگرێرا لە دەسپێکی دەسەڵاتی لاپۆرتادا له یانه بووه.
2. ئەرکی نێگرێرا لە یانەکە:
رۆسێل لە گێڕانەوەکەیدا نێگرێرا وەک بەشێک لە کارە ئاساییەکانی یانە وەسف دەکات و دەڵێت،
“لە ساڵی 2003 تاوهكو 2005 هەندێک جار لە یاریگا دەمبینی کە خەریکی راپۆرت و راوێژکاری بوو. بەڵام پێموایە زۆربەی جار نەدەهات، چونکە ئەگەر راوێژی ناوبژیوانی بکەیت باشترە لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە بێت بۆ ئەوەی دووبارەبوونەوەی دیمەنەکان ببینی و وردتر بیت.”
3. دووركهوتنهوه و گەڕانەوە:
رۆسێل ئاماژەی بەوە کرد کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە ساڵی 2005، چیتر نێگرێرای نەبینیوەتەوە تاوهكو ساڵی 2010 کاتێک وەک سەرۆک گەڕاوەتەوە.
4. گرێبەستە بۆماوەییەکان:
کاتێک لە ساڵی 2010 بووەوە بە سەرۆک، رۆسێل دەڵێت،
“کاتێک هەڵبژاردنمان بردەوە، ئەم گرێبەستەی نێگرێرا و نزیکەی 100 گرێبەستی ترمان وەک میرات بۆ مابووەوە.
بەمەش جەخت دەکاتەوە کە ئەو گرێبەستە لە سەردەمی ئەودا دروست نەکراوە، بەڵکو لە خولەکانی پێشووەوە مابووەوە.
ئەم شایەتحاڵییەی رۆسێل پارچەیەکی نوێ دەخاتە ناو کەیسە یاساییەکەوە؛ ئەو نێگرێرا لە خولی یەکەمی لاپۆرتادا دەسەلمێنێت، بەڵام وەک بابەتێکی تەکنیکی و كارگێری وەسفی دەکات نەک وەک پەیوەندییەکی تایبەت یان نایاسایی.



