ماوەی سزاکەی ئالێگری ئاشکرا بوو؛ سێریا ئەی چەند یاریزانێکی دیکەشی سزا دا

یاریگا –
ماکس ئالێگری، راهێنەری ئەیسی میلان کە بەهۆی هێرش کردنە سەرناوبژیوان و بەکارهێنانی زمانێکی زبر و قسەی نەشیاو بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری ئەیسی میلان لە خولەکەکانی کۆتایی یارییە مشتومڕاویەکەیان بەرامبەر لازیۆ رەفتاری توندوتیژیی کرد، دوای ئەمڕووداوە لێژنەی تەنمبێکاری سێریا ئەی رایگەیاند، ماکس ئالێگری راهێنەری میلان، دوای ئەوەی هێرشی کردە سەرناوبژیوان، لە یاری هەفتەی رابردوو بەرامبەر لازیۆ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، بۆ یەک یاری رادەگیرێت.
سڕکردنەکەی ئالێگری بەومانایە دێت کە رۆسۆنێری لە یاریی دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر تۆرینۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو بێ راهێنەر دەبێت. ئالێگری کە دوای مشتومڕێکی توند لەسەر بڕیاری ناوبژیوان بۆ لێدانی سزا، بە کارتی سوور دەرکرا، جگە لە سزادانی بۆ یەک یاری، بە بڕی 10 هەزار یۆرۆ سزای دارایی درا.
دۆسیەکە تەنیا سزادانی راهێنەری میلان ناگرێتەوە. مارکۆ یانی یاریدەدەری ماوریسیۆ ساری لە لازیۆ کە لە هەمان مشتومڕدا کرایە دەرەوەی یاریگا، بەهەمان شێوەی ئالێگری بۆ یارییەک سڕ دەکرێت و دەبێت بڕی 5هەزار یۆرۆ پێبژاردن بدات.
هەروەها سێریا ئەی سێ یاریزانی بۆ یارییەکانی هەفتەی داهاتوو سڕکرد، ئەوانیش ماریانۆ ترویلۆ یاریزانی پارما بەهۆی کارتی سووری راستەوخۆ، مارین پۆناگراچیچی یاریزانی فیۆرێنتینا و رۆبێرتۆ گالیاردینی یاریزانی ڤێرۆنا بەهۆی وەرگرتنی پێنجەم کارتی زەرد لەم وەرزەدا.



