Loading...
عێراقکوردستانگرنگترین

گواستنەوەی پەخشی کەناڵەکانی Bein Sports لە کەناڵی ناوخۆیی قەدەخە دەکرێت

بڕیارێک بۆ پاراستنی موڵکیەتی فکری و یاسایی

Yariga App

یاریگا –

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی نایاسایی پەخشی یارییەکان، بڕیارێکی دەرکرد.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، گواستنەوەی پەخشی کەناڵەکانی بین ئین سپۆرتس (Bein Sports) لە کەناڵەکانی ناوخۆیی قەدەخە دەکات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛

بە مەبەستی راگرتنی پەخشی هەندێک کەناڵی بێمۆڵەت، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی بین ئین سپۆرتس ئاگادار دەکاتەوە، کە لەڕێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێک کەناڵی ناوخۆیی بە نایاسایی و بە شێوازی IPTV پەخش دەکرێن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی گواستنەوە و راگەیاندن هاتووە؛

بۆ رێگرتن لە سەرپێچییەکان و پاراستنی مافی پەخش و بڵاوکردنەوە، پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، پەخشی کەناڵەکانی Bein Sports رابگرن.

هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی بی ئین سپۆرتس بکات، پێویستە لەڕێگەی بریکاری فەرمییەوە مۆڵەت وەربگرێت، ئەمەش بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و یاسایی.

کەناڵەکانی بی ئین سپۆرتس، بەشێکی تۆڕی میدیایی جەزیرەی قەتەڕییە و گروپی کۆمپانیاکانی میدیایی بین ئین خاوەندارێتی دەکات.

ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، سەرۆکی گروپەکەیە و ئێستا کەناڵەکانی بی ئین بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، تورکی و ئیسپانی پەخش دەکرێن.

بین ئین سپۆرتس خاوەنی مافی پەخشی دیاترین خول و پاڵەوانیەتییەکانی جیهانە لە زۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا، فەڕەنسا، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئوسترالیا و نیوزیلاند.

بین ئین سپۆرتس خاوەنی زیاتر لە 40 کەناڵە و رووماڵی 20 یاریی وەرزشی جیاواز دەکات. تۆڕە فراوانە قەتەڕییەکە خاوەنی مافی گواستنەوەی پەخشی یارییەکانی مۆندیال، مۆندیالی یانەکان، چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ، لالیگا، لیگ وەن، یۆرۆ، جامی ئاسیا، جامی ئەفریقا، کۆپا ئەمێریکا، کۆپا لیبێرتادۆرێس، تەواوی خوولەکانی تێنس، فۆرمولا وەن، باسکەی ئەمریکا و دەیان پاڵەوانیەتی دیکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button