شۆکی گەورەی لاس ڤێگاس؛ دوو شۆفێری گەورە دوورخرانەوە و گۆڕانکاری بەسەر ریزبەندی پاڵەوانی جیهاندا دێت
کێبڕکێ گەیشتووەتە لووتکە

یاریگا –
مشتومڕێکی زۆر لە کێبڕکێی خەڵاتی گەورەی لاس ڤێگاس دروستبووە، دوای ئەوەی لێژنەی ناوبژیوانانی پاڵەوانیەتییەکە دوورخستنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی تیمی مەکلارن دووپاتکردەوە.
بە دوورخستنەوەی هەردوو شۆفێری تیمەکە، لاندۆ نۆریس و ئۆسکار پیاستری خاڵی گرنگ لەسەر پێشەنگایەتی ریزبەندی پاڵەوانی جیهان لەدەستدەدەن.
دوورخستنەوەی نۆریس و پیاستری، کێبڕکێ لەسەر نازناوی پاڵەوانی جیهانی فۆرمولا وەنی زیندوو کردەوە و ماکس ڤێرستاپن، شۆفێری رێد بوڵ جارێکی دیکە بە تووندی دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکان.
ڤێرستاپن پلەی یەکەمی خەڵاتی گەورەی لاس ڤێگاسی بەدەستهێنابوو، هەریەکە لە لاندۆ نۆریس لە پلەی دووەم و جۆرچ رەسڵ، شۆفێری مێرسێدێس لە پلەی سێیەم و ئۆسکار پیاستریش لە پلەی چوارەمدا هات.
بەڵام دوای دوورخستنەوەی هەردوو شۆفێری تیمەکە، رەسڵ بووە پلەی دووەم و کیمی ئانتۆنێلی، شۆفێری مێرسێدێس سەرکەوت بۆ پلەی سێیەم.
تەنیا دوو گەڕ بۆ کۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی فۆرمولا وەن ماوە و کێبڕکێی نێوان ڤێرستاپن، نۆریس و پیاستری دەگاتە لووتکە.
جیاوازی نێوان نۆریس و ڤێرستاپن تەنیا بۆ 24 خاڵ کەمبووەتەوە و هەردوو گەڕی خەڵاتی گەورەی قەتەڕ و خەڵاتی گەورەی ئەبو زەبی هەموو شتێک یەکلاییدەکاتەوە.
هۆکاری دوورخستنەوە چییە؟
هۆکاری سەرەکی دوورخستنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی تیمی مەکلارن، بۆ بەکارهێنانی پارچەیەکی ئەستووری پشتەوەی ئۆتۆمبێل کە پێی دەڵێن ‘Skid Block’ بەکارهێناوە.
بەراورد بە ستانداردی ئۆتۆمبێلەکە، پارچەکە بچووکتر بوو و لە تاقیکردنەوە میکانیکییەکان دەرنەچوو.
ئەرکی پارچەکە چییە؟
- هاوسەنگی بەرزی ئۆتۆمبێلەکە لە زەوی.
- پاراستنی پارچەی ژێرەوەی ئۆتۆمبێل.
فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی فۆرمولا وەن، سزایەکی تووندی تیمەکە و هەردوو شۆفێرەکە دەدات و بەمەش دیارییەکی گەورە پێشکەشی ڤێرستاپن دەکرێت.



