هۆکاری سیاسی و سەرکووتکردن؛ ئارسیناڵ و حکومەتی رواندا کۆتایی بە هاوبەشێتی دەهێنن
دوای هەشت ساڵ

یاریگا –
ئارسیناڵ کۆتاییهاتنی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری رواندا Visit Rwanda لە هاوینی ساڵی داهاتوو راگەیاند.
دوای هەشت ساڵ لە هاوبەشێتی، هەردوولا بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بڕیاری کۆتاییهێنانی رێککەوتنی نێوانیان هێنا و حکومەتی رواندا دەیەوێت بەدوای بازاڕی نوێدا بگەڕێت.
هاوبەشێتی نێوان ئارسیناڵ و حکومەتی رواندا بە ناوی Visit Rwanda لە ساڵی 2018 دەستیپێکرد، رێککەوتنی نێوانیان بریتییە لە 10 ملیۆن پاوەندی ساڵانە.
لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردوودا، هەردوولا دەستیان بە گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەست کرد، بەلام رێککەوتنەکە کەوتبووە بەر لێشاوی تووڕەیی و ناڕەزایەتی هاندەرانی یانە لەندەنییەکە.
گروپێکی هاندەران بە ناوی گەنەرز بۆ ئاشتی (Gunners For Peace) لە ئەپریل/نیسانی رابردوودا، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە دژی هاوبەشێتی نێوان ئارسیناڵ و حکومەتی رواندا رێکخست و لە بەیاننامەیەکدا، داوای کۆتاییهێنانی رێککەوتنەکەی کرد؛
خەریکە بەهاو و رۆحی یانەکەش دەخەنە لیستی فرۆشتنەوە.

ناکۆکی سیاسی و کەیسی یاسایی
هەڵمەتی رێکلامی رواندا راستەوخۆ بە پۆل کاگامی، سەرۆکی رواندا بەندە کە بە هاندەرێکی سەرسەختی ئارسیناڵ ناسراوە. کاگامی سەرۆکی حیزبی بەرەی نیشتمانی رواندایە (RPF).
حکومەتی بەریتانیا لە فێبرایەر/شوباتی رابردوودا، تەواوی هاوکارییەکانی بۆ حکومەتی رواندا هەڵپەسارد، بەهۆی پاڵپشتیکردنی لەیاسادەرچووانی بزووتنەوەی M23 لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات.
رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتی ساڵی 2023دا بڵاویکردبووەوە، حکومەتی رواندا لە سەرکووتکردنی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە بەردەوام بووە و زیاتر لە پێنج سەرکردەی سیاسی بەرەو ئۆپۆزسیۆن زیندانیکرابوون.
جیا لە ئارسیناڵ، حکومەتی رواندا پەیوەندی بازرگانی و سپۆنسەریکردنی لەگەڵ چەندین یانەی دیکەی وەکو؛
- ئاتلێتیکۆ مەدرید
- پاریس سانجێرمان
- لۆس ئانجلێس کلیپەرز (NBA)
- لۆس ئانجلێس رامز (NFL)
تەواوی ئەو یانانەی لەلایەن حکومەتی رواندا سپۆنسەری دەکرێن، پەیوەندی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان بە ستان کڕۆنکی، خاوەنی ئارسیناڵەوە هەیە.



