رێکەوتە یان ستراتیج؛ یاریزانانی ریال مەدرید لە پشووی نێودەوڵەتی نابیندرێن و یامالیش بووەتە قوربانی
میدیاکانی کاتالوونیا هێرشێک گەورە دەکەنە سەر میدیاکانی مەدرید ''بەدوو روویی'' تۆمەتبار دەکرێن

یاریگا –
نیشانەی پرسیار لە بارسێلۆنا لەبارەی دووبارەبوونەوەی زنجیرەی دابڕانی ئەستێرەکانی ریال مەدرید لە پشووی نێودەوڵەتی زیادبوون.
ریال مەدرید بە بیانووی هەستکردن بە ئازار و بڕیاری پاراستن لە قووڵبوونەوەی پێکانی یاریزانان، رێگە بە پەیوەندیکردنیان بە هەڵبژاردەی نیشتمانی نادات.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ لە راپۆرتێکی پڕ رەخنەدا، رووی دەمی ناڕەزایەتییەکانی لە مەدرید کردووە، هەرچەندە یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتان، بڕیار لە دۆخی یاریزانەکە دەدەن، بەڵام دووبارەبوونەوەی سیناریۆییەکان لە مەدرید، نیگەرانی لە بارسا دروستکردووە.
دابڕانی دووبارەکراوی هاوسن
رۆژنامەکە نموونەی دین هاوسن، وەکو نوێترین سیناریۆ هێناوەتەوە، دوای ئەوەی لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی جۆرجیا دوورخرایەوە، بە بیانووی پشتئێشە.
جێگرەوەی هاوسن دەستبەجێ دەستنیشانکرا، ئەویش پاو کوبارسی، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنایە. لە مەدرید هاوکێشەکە جیاوازە و یانەکە بیانوو بۆ پشکنینی زیاتری یاریزانان دەهێنێتەوە، تاوەکو لە پێکان بیانپارێزێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا لە لیستی یاریزانانی یارییەکەی ئێڵچێ دوورنەخراتەوە.
لە بارسێلۆنا بە چاوێکی دیکە سەیری دۆخەکە دەکەن و پێیانوایە، پێکانێک چۆن لە هەڵبژاردە دایدەبڕێت، بەڵام بەو شێوەیە مەترسیدار نییە تاوەکو لە یانەکەش دووربخرێتەوە.
کۆرتوا و ڤالڤێردی؛ لە کاتی خۆیدا چاکدەبنەوە!
دوای هەستکردنی تیبو کۆرتوا و فێدێریکۆ ڤالڤێردی بە ئازار لە یاریی رابردووی یانەکەیان بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ، دەستبەجێ لە هەڵبژاردەی بەلجیکا و ئوروگوای دوورخرانەوە.
ریال مەدرید لە بەیاننامەیەکدا دوورکەوتنەوەی هەردوو یاریزانەکەی بۆ ماوەی 10 بۆ 12 رۆژ راگەیاند، ئەمەش هەمان وادەی تەواوبوونی پشووی نێودەوڵەتییە.
رۆژنامەکانی کاتالوونیا بە دووبارەبوونەوەی ‘رێکەوت’ی پێکان و وادەی چاکبوونەوەی یاریزانانی ریال مەدرید سەرسامبوون و پێیانوایە ریال مەدرید بە ئەنقەست ئەم ‘رێکەوتە’ دووبارەدەکاتەوە.
ئێمباپێ و کاماڤینگا لە دەرەوەی بازنەن
هەڵبژاردەی فەڕەنسا بەهۆی هەستکردنی هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ و ئێدواردۆ کاماڤینگا بە سووکە ئازار، هەردوو ئەستێرەی ریال مەدریدی دوورخستەوە.
لە پاریس بڕیارەکە بەمشێوەیە لێکدراوەتەوە، بۆ خۆپارێزی یاریزانان لە سەختبوونی پێکانەکانیان، بڕیاری دوورخستنەوەیان دراوە.
بەڵام ئەوەی لە بارسێلۆنا بووەتە جێی مشتومڕ، لە کاتی گەڕانەوەی یاریزانان بۆ مەدرید، دەستبەجێ بۆ یاریی داهاتووی ریال مەدرید بەردەستدەبن و ئەمەش بە شتێکی ‘سەیر و رێکەوت’ وەسف دەکرێت.
یامال X ماستانتونۆ؛ دوو ستانداردی میدیایی
هەرچەندە لامین یامال بەهۆی هەستکردنی بە پێکانێکی سەخت لە ناوچەی ‘ئێسکی بەر’، کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی جێهێشت و ئەمەش گڕکانێکی لە میدیای ئیسپانیا تەقاندەوە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، فڕانکۆ ماستانتونۆ بەهۆی هەمان پێکان، بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەکرا، بەڵام لە میدیاکان هیچ باس نەکرا و نەبووە رۆژەڤ.
ئەم دوو ستانداردییەی میدیای ئیسپانیا، بارسێلۆنای نیگەران کردووە، چونکە بابەتی یاریزانانی بارسا دەبێتە کەیس، کەچی بابەتەکانی پەیوەست بە یاریزانانی ریال مەدرید، وەکو رێکاری ئاسایی سەیر دەکرێت.



