بارسێلۆنا چاوی لە گواستنەوەی نیشانشکێنێکی گەورەیە
ئامادەکاری بۆ سەردەمی دوای لیڤاندۆڤسکی کراوە

یاریگا –
بارسێلۆنا خۆی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێکی کوالێتی جیهانی ئامادەکردووە، تاوەکو شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بگرێتەوە.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی لە هاوینی ساڵی داهاتوو بەسەردەچێت و بە ئەگەرێکی زۆر، گرێبەستەکەی نوێ ناکرێتەوە.
رۆژنامەکە لە سەرچاوەیەکی نێو دەستەی کارگێڕی یانە کاتالوونییەکە روونیکردووەتەوە، بارسێلۆنا لەڕووی داراییەوە ئامادەکاری بۆ گرێبەستێکی گەورە کردووە، هەرچەندە یانەکە لەسەر رێچکەی ساڕێژبوونەوەی دارایی هەنگاو دەنێت.
لە ئەگەری داواکاری راهێنەر و بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە، بارسێلۆنا هێرشبەرێکی گەورە دەگوازێتەوە و خولیان ئالڤارێز، ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە سەرووی لیستی ئامانجەکانەوەیە.
سەردەمی دوای لیڤا
بارسێلۆنا سەرەتا دەیەوێت چارەنووسی لیڤاندۆڤسکی یەکلاییبکاتەوە، ئینجا هەنگاوەکان دەستپێبکات.
ئەوەی تاوەکو ئێستا لەنێو ژوورەکانی بارسێلۆنا باس دەکرێت، جیابوونەوەی بارسا و لیڤایە لە کۆتایی ئەم وەرزە. سەرەڕای دانەبڕانی لیڤاندۆڤسکی لە گۆڵکردن.
لەڕووی داراییەوە، چوونە دەرەوەی لیڤاندۆڤسکی، بۆشاییەکی 40 ملیۆن یۆرۆیی بۆ رێسای دارایی خاوێن لە یانەکە دروستدەکات، ئەمەش رێگە بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی گەورە خۆشدەکات.
مەرجی گەڕانەوە بۆ یاسای 1:1
بۆ تەواوکردنی گواستنەوەی ئالڤارێز یاخود ئەستێرەیەکی هاوشێوە، دەبێ بارسێلۆنا بگەڕێتەوە یاسای دارایی 1:1ی تایبەت رێسای دارایی خاوێنی لالیگا، بەو واتایەی بارسێلۆنا یەک یۆرۆ بەدەستبهێنێت، دەتوانێت دەستبەجێ وەبەرهێنانی تێدابکات.
بارسێلۆنا نزیکە لە گەڕانەوە بۆ یاسای 1:1، چونکە پێشبینیدەکرێت لە مانگی داهاتوودا، داهاتی فرۆشتنی بەشێکی دیکەی کورسی VIP بۆ بگەڕێتەوە کە دەگاتە 30 ملیۆن یۆرۆ و کۆی فرۆشی کورسییەکان بریتییە لە 100 ملیۆن یۆرۆ.
بە گەیشتنی تەواوی پارەکە، بارسێلۆنا دەتوانێت ئازادانە بەشداری بازاڕی گواستنەوەکان بکات و ئەستێرەی گەورە بگوازێتەوە.
پاڵپشتی دارایی لە کامپ نۆو
فاکتەرێکی دیکەی بارسێلۆنا بۆ زیادکردنی داهاتی ئێستای یانەکە، گەڕانەوەیە بۆ یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو.
دەستپێکردنەوەی یارییەکان لە کامپ نۆو، نەرمییەکی دارایی زۆر بە یانەکە دەبەخشێت، چونکە گرێبەستی گەورەی تێدا دەکرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو پاڵپشتی دارایی گرێبەستەکان دەکرێت.

بەربژێرانی دیکە
خولیان ئالڤارێزی تەمەن 25 ساڵان، بەربژێری سەرەکی بارسێلۆنایە، چونکە هێرشبەرێکی خاوەن بیرکردنەوەی دوو سەردەمی جیاوازە.
ئالڤارێز لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی دووپاتیکردەوە، لەوانەیە لە کۆتایی ئەم وەرزە، جارێکی دیکە داهاتووی خۆی هەڵبسەنگێنێت.
هاری کەینی تەمەن 32 ساڵان بژاردەیەکی دیکەی بارسێلۆنایە. کەین بە هاوشێوەی گواستنەوەی لیڤاندۆڤسکی لە ساڵی 2022 سەیر دەکرێت و مەرجی هەڵوەشاندەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن بریتییە لە 65 ملیۆن یۆرۆ. هانزی فلیک، راهێنەری بارسا زۆر بە تواناکانی کەین سەرسامە.
سێرهۆ گیراسی تەمەن 29 ساڵ، هێرشبەری بۆڕووسیا دۆرتموند و ڤیکتۆر ئۆسیمین، تەمەن 26 ساڵ و هێرشبەری گاڵاتەسەڕای بژاردەی سێیەم و چوارەمی بارسێلۆنان.
لە ماوەی رابردوودا زۆر باسی ئیتا ئیۆنگ، هێرشبەری لێڤانتێ وەکو بژاردەیەکی ‘هەرزان’ دەکرێت، بەڵام دوا بژاردەی بارسایە.



