Loading...
ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

له‌ ژووری خۆگۆڕین بارسێلۆنا چۆن باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی مێسی بۆ كامپ نۆو كراوه‌؟

گارسیا نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات

Yariga App

یاریگا –

خوان گارسیا، گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، ئاشکرای دەکات کە دەرکەوتنی لیۆنێل مێسی لە کامپ نو، بووەتە باسی گەرمی ژووری جلگۆڕینی یانەکە و هیوای خواست رۆژێک لە ڕۆژان شانبەشانی یاری بکات.

خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی کاتالۆنی “RAC1″، ئاشکرایکرد کە سەردانە چاوەڕواننەکراوەکەی لیۆنێل مێسی بۆ یاریگای کامپ نو، رووداوێکی ناوازە بووە و سەرنجی هەموو یاریزانەکانی ڕاکێشاوە و باسی گەرمی ژووری جلگۆڕینیان بووە.

گارسیا هیوای خواست ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ مێسی یاری بکات و گوتی

“مێسی کەی بیەوێت دەتوانێت یاری بکات، هیوادارم بگەڕێتەوە بۆ یانەکە بۆ ئەوەی بتوانم لەگەڵی یاری بکەم، بەڵام نازانم تاوه‌كو چەند ئەمە دەکرێت رووبدات.

 

گۆڵپارێزەکە، کە هاوینی رابردوو لە یانەی ئیسپانیۆلەوە پەیوەندیی بە بارسێلۆنا کرد، درێژەی به‌قسه‌كانیدا،

“کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد مێسی سەردانی کامپ نوی نوێ بکات، ئەوە زۆر نایاب بوو. لە ژووری جلگۆڕین قسەمان لەسەر کرد، هیوادارم بگەڕێتەوە و بتوانم لەگەڵی یاری بکەم و ئه‌و ناوازه‌یه‌.


سەبارەت بە گەڕانەوەی لامين یامال بۆ ئاستی بەرزی خۆی دوای شکستی کلاسیکۆ، گارسیا بە پێکەنینەوە گوتی،

“لامين یامال هەوڵێکی زۆر دەدات، ئەو زۆر زیرەکە، هەموو رۆژێک ئەو گۆڵەم بیردەخاتەوە کە لێی تۆمارکردم کاتێک لە ئیسپانیۆل یاریم دەکرد.”

 

رێنماییەکانی هانزی فلیک و کێبڕکێی گۆڵپارێزەکان

خوان گارسیا بەشێک لە رێنماییەکانی راهێنەر هانزی فلیک و شێوازی مەشقەکانی ئاشکرا کرد و گوتی،

 “داوام لێدەکات هەمیشە بە ئاگابم، چونکە ئێمە بە هێڵێکی بەرگریی زۆر پێشکەوتوو یاری دەکەین، بۆیە فلیک جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاگاداری ئەو تۆپانە بم کە لەوانەیە بگەنە پشت بەرگریکاران و ئامادەبم بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەلێکی گۆڵکردن.”

 

گوتیشی،

“کاتێک تۆپ لەلای ئێمەیە، دەبێت هەستی ئارامی بە تیمەکە ببەخشم، خۆم لە ئاڵۆزکردنی شتەکان بەدوور بگرم و ئەوە بکەم کە پێویستە بۆ یارمەتیدانی یاریزانەکان. لەگەڵ یاریزانی ئاوا بەتوانا، گۆڵپارێزەکان پێویست ناکات شتەکان ئاڵۆز بکەن، تەنیا ئه‌وه‌ بەسە تۆپەکە بە باشی بگەیەننە یاریزانە بەهرەمەندەکان و ئەوان دەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.”

سەبارەت بە کێبڕکێی بەهێزی لەگەڵ ڤۆیتشێک چێزنی و ئاندرێ تێرشتێگن، خوان گارسیا جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵدەدات ببێتە گۆڵپارێزی یەکەم و رایگه‌یاند،

“هەر سێ گۆڵپارێزەکە توانای یاریکردنیان هەیە. ئەمە شتێکی ئاساییە لە هەر تیمێکدا. بەڵام من کار دەکەم بۆ ئەوەی ببمە گۆڵپارێزی سەرەکیی ئەم یانەیە.”**

 

هەروەها گوتی،

“ئەگەر هەلی یاریکردنم وەک سەرەکی پێبدرێت، هەوڵ دەدەم بیقۆزمەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شوێنەکەم بکەم و دڵنیا بم کەس شوێنەکەم لێناسێنێت. هەموو توانای خۆم دەخەمەگەڕ بۆ بەدەستهێنانەوەی شوێنەکەم و پارێزگاریکردن لێی تاكو کۆتایی.”

جێگەی باسە، خوان گارسیا بەهۆی ئەو پێکانەی کە لە 25ـی ئەیلولی رابردوو بەرامبەر ریاڵ ئۆڤیێدۆ تووشی بوو، شوێنە سەرەکییەکەی لەدەستدا و لە 9 یاریی یەک لەدوای یەکدا دوورکەوتەوە، کە شه‌ش یارییان لە خولی ئیسپانیا و سێ یارییان لە چامپیۆنزلیگ بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button