Loading...
ئه‌وروپاتورکیاگرنگترین

ئابڕووچوونی گرەوکردن تورکیای هەژاند؛ چارەنووسی زیاتر لە هەزار یاریزان نادیارە

زیاتر لە هەزار یاریزان و سەدان ناوبژیوان ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە

Yariga App

یاریگا –

تۆپی پێی تورکیا لە بەردەم یەکێک لە گەورەترین كێشه‌كانی مێژووییه‌، دوای ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا رایگەیاند، زیاتر له‌ هه‌زار یاریزان بە تۆمەتی تێوەگلان لە گرەوی نایاسایی راگیراون، ئەم هەنگاوە درێژکراوەی ئەو لێکۆڵینەوەییە کە مانگی پێشوو دەستیپێکرد و سەدان ناوبژیوانیشی گرتەوە.

ڕووداوەکان چین؟

رۆژی دووشەممە، یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا لە بەیاننامەیەکی فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە ئەو یاریزانانەی راگیراون، بەشدارییان لە چالاکیی گرەوکردندا کردووە و دۆسیەکانیان رەوانەی لیژنەی دیسپلینی پیشەیی کراوە بۆ دەرکردنی سزای کۆتایی.

لیستەکە، کە لە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتییەکەدا بڵاوکراوەتەوە، ناوی 27 یاریزانی خولی سوپه‌ری تورکی  لەخۆدەگرێت کە سەر بە 14 یانەی جیاوازن، لەنێویاندا دوو یاریزان لە گەڵاتەسەرای، چوار یاریزان لە ئالانیاسپۆر، و چەندین یاریزانی تر لە یانەکانی بێشکتاش، کۆنیاسپۆر، و تڕابزۆنسپۆر.

هه‌وره‌ها 997 یاریزانەکەی تر سەر بە خولەکانی پلە یەک، دوو و سێن. بەهۆی فراوانی لێکۆڵینەوەکان، یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا بڕیاریدا یارییەکانی خولی پلە دوو و سێ بۆ ماوەی دوو هەفتە دوابخات، بەڵام یارییەکانی خولی سوپه‌ر و پلە یەک بەردەوام دەبن.

ئەستێرە گەورەکان تێوه‌گلاون

دیارترین ناو لە لیستەکەدا ئیرەن ئێلمالی 25ساڵ، بەرگریکاری یانەی گەڵاتەسەرایە، کە ئەم وەرزە لە هەموو یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەشدار بووە. ئێلمالی هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە و لە پۆستێکدا نووسیویەتی،

“دەرکەوتنی ناوم لە دۆسیەکەدا بەهۆی گرەوێک بووە کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لەسەر یارییەکی یانەی پێشووم کراوە، بەبێ ئاگاداری و بەشداری من.”

هەروەها ناوی جەلیل یوکسەل، یاریزانی ناوەڕاستی سامسۆنسپۆر، هاتووە کە دەڵێت،

“متمانەی تەواوم هەیە کە دادپه‌روه‌ری له‌ تورکیا سەردەکەوێت. ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەم کراون نایاسایین.”

لە یانەی بێشکتاش، گۆڵپارێز ئێرسین دێستانئۆغڵو 24 ساڵ و یاریزانی بەئەزموونی تیپه‌كه‌ی نەجیب ئویسال34 ساڵ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. دێستانئۆغڵو دەڵێت،

“ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکیان نییە و ڕێگە نادەم ناوبانگم بزڕێنرێت.”

هەڵوێستی یانەکان

یانەی بێشکتاش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند،

“متمانەی تەواومان بە بێتاوانیی یاریزانەکانمان هەیە”

گەڵاتەسەرای جەختی کردەوە، بە وردی چاودێریی ئەم دۆسیە هەستیارە دەکەن و یانەکانی تریش داوای رێزگرتن لە بنەماکانی دادپەروەری دەکەن.

ناوبژیوانان؛ سەرچاوەی كێشه‌كه‌ن

ئەم كێشانه‌ هەر لە بنەڕەتدا لە ناوبژیوانانەوە دەستیپێکرد، مانگی پێشوو، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، ئیبراهیم حاجی عوسمان ئۆغڵو، ئاشکرایکرد کە 371 ناوبژیوان هەژماری گرەوکردنیان هەبووە و یەکێکیان 18,277 گرەوی لە ماوەی پێنج ساڵ کردووە! تاوه‌كو ئێستا 149 ناوبژیوان بۆ ماوەی 8 بۆ 12مانگ سڕکراون.

لێکۆڵینەوەی دادگا و دەستگیرکردن

داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ لێکۆڵینەوە لە گومانی دەستکاریکردنی ئەنجامی یارییەکان دەکات، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 21 کەس دەرچووە، کە 17 له‌وانه‌ ناوبژیوانن.

یاساکان چی دەڵێن؟

  • فیفا: هەر یاریزان و بەرپرسێک بەشداری لە گرەوکردندا بکات، بە بڕی 100 هەزار فرانک سزای دارایی دەدرێت و تاوه‌كو سێ ساڵ رادەگیرێت.
  • یاسای تورکیا: سزاکە لە 3 مانگەوە تا یه‌ك ساڵ ڕاگرتنە له‌گه‌ڵ پێبژاردن به‌ بڕی پاره‌یه‌ك به‌پێی گه‌وره‌یی و بچوكی گره‌وكردنه‌كه‌.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا  رایگەیاندووە،

“له‌گه‌ڵ یەکێتیی تۆپی پێی تورکیالە پەیوەندیداین بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکان.

کاریگەری لەسەر بازاڕی گواستنەوە

راگرتنی زیاتر لە هەزار یاریزان ئاڵۆزییەکی بێوێنەی لە یانەکاندا دروست کردووە، بۆیە یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا داوای کردووە ماوەی گواستنەوەی زستانە 15 رۆژ درێژ بکرێتەوە، ئەمەش له‌وانه‌یه‌ کاریگەری لەسەر خولەکانی تری ئەوروپا هەبێت.

ئەمە بە گەورەترین ئابڕووچوونی گرەوکردن دادەنرێت لە ئەوروپادا لە ماوەی دەیەی رابردوو، وەک سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا دەڵێت:،

“قەیرانێکی ره‌وشتی لە تۆپی پێی تورکیا هەیە، با زۆنگاوەکە وشک بکەین و بەرەو پێشەوە بڕۆین.”

 

بابەتی زیاتر

Back to top button