
یاریگا –
یاسین ئاراس، دوای جێهێشتنی ریزی یانەی نەورۆز چەند نهێنیەکی هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی لە یانەکە دەدرکێنێت.
دوای دەست لەکارکێشانەوەی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لەگەڵ یانەکە، یاسین ئاراس، راهێنەری پێشووی نەورۆز چەند نهێنیەکی مەترسیدار لە سەر تیپەکەی و خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ئاشکرا دەکات، یاسین بۆ رۆژنامەی ئەفتون بلادتی سویدی گووتی:
هەندێک لە یاریزانە عەرەبەکانی عێڕاق کە بۆ یانەکە یارییان دەکرد، بەرامبەر بەشێک لە تیپەکانی بەغدا یارییان نەدەکرد یاخود بە ئەنقەست ئاستی خۆیان نیشان نەدەدا بۆ ئەوەی تیپەکە تووشی دۆڕان بێت.
بە هۆی کورد بوونەوە زوڵممان لێدەکرا.
راهێنەری پێشووی نەورۆز ئەوەشی درکاند کە بەهۆی ئەوەی نەورۆز یانەیەکی کوردستانی بوو ستەممان لێدەکرا، راهێنەرەکە دەربارەی ئەو بابەتە گووتی:
لە یارییمان بەرامبەر شوڕتە تووشی زەحمەتی زۆر بووینەوە بەرامبەر ناوبژیوان و بە ئاشکرا لایەنگیری شوڕتەیان دەکرد، دواتر ئەوەم زانی کە سەرجەم یانە کوردستانیەکان تووشی گرفت دەبنەوە بەرامبەر تیپەکانی بەغدا و لەلایەن ناوبژیوانەوە ستەمیان لێدەکرێت.
لە میسان رووناککەرەوەیان بۆ پێنەکردین.
یاسین دەربارەی سەختیەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و هۆکاری بەشێک لە شکستەکانیان لە خولەکە زیاتر رایگەیاند:
رۆژێک بەر لە یارییمان بەرامبەر نەفتی میسان چوینە یاریگا بۆ ئەوەی دوایین مەشق بکەین، ووتمان رووناککەرەوە داگیرسێنن، کەچی گووتیان کارناکات، ئەی چۆن بەیانی یاریی لەم یاریگایە دەکەین؟ لە وەڵامدا گووتیان بەیانی کار دەکات! ئەوەبوو ماوەی 10 خولەک تەنها راکردنمان کرد و هیچ مەشقێکمان نەکرد.
نەورۆز لە پێنج یاریی سەرەتای خول، چوار شکست و سەرکەوتنێکی هەیە و بە سێ خاڵ لە ریزبەندی 18ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



