
یاریگا –
ماراکانا بۆ فرۆشتنە، ئەمە ئەو هەواڵە بوو کە وەک بۆمبێک لە بەرازیل تەقیەوە.
ویلایەتی ریۆ دی جانیێرۆ بڕیاریدا یاریگای ئەفسانەیی ماراکانا بفرۆشێت، کە هێمای ناسنامەی بەڕازیلییە، بڕیارێک کە رای گشتی بەهێزی لەو وڵاتە لێکەوتەوە.
ویلایەتی دی جانیێرۆ بە باری داراییەکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت و دەیەوێت موڵکەکانی بفرۆشێت و لەنێو سەروەت و سامانەکانیدا یاریگای ماراکانا هەیە کە هەردوو تیپی مێژوویی فلامینگۆ و فلومینێنسی یارییەکانیان لەوێ دەکەن. کۆمیسیۆنی دەستووری و ئەنجومەنی یاسادانانی ریۆ دی جانیرۆ (ALERJ) هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای پێشنیارکراوی حکومەتەکەی کرد و لە کۆی 48 موڵک کە لە سەرەتادا بڕیار بوو بفرۆشرێن 16 موڵکی لابرد و 30 موڵکی نوێ زیادکرا، لەنێویاندا یاریگا بەناوبانگەکە، کە وەک رەمزێک بۆ تۆپی پێی بەڕازیل و جیهانی ناسراوە بۆ فرۆشتن داندرا و توڕەیی گشتی لە ریۆ سەریهەڵدا.

رۆدریگۆ ئامۆریم، سەرۆکی کۆمسیۆنەکە دانی بەوەدانا کە پێویستە تێچووی پاراستنی موڵکە گرانبەهاکان یان کەم بەکارهێنراوەکان کەمبکەنەوە: “حکومەت پارەیەکی زۆر بۆ پاراستنی ماراکانا خەرج دەکات، نزیکەی 160 هەزار یۆرۆ بۆ هەر یارییەک”.
ئامۆریم مەزەندەی کردووە کە فرۆشتنی یاریگاکە و کۆمەڵگەی تەنیشتەوە کە ئەلدێیا ماراکانایە، دەتوانێت زیاتر لە 320 ملیۆن یۆرۆ بەدەستبهێنێت، هەرچەندە ئەم بڕە پارەیە بەندە بە ئۆفەرەکانی بازاڕەوە. پلانەکە لە هەفتەکانی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دەستوور و دادپەروەری ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتی ریۆ دی جانیرۆدا دەنگی لەسەر دەدرێت. ویلایەتی ریۆ دی جانیێرۆ بڕی یەک ملیار و 89 ملیۆن یۆرۆ قەرزاری حکومەتی ناوەندییە، کە دەبێت بەگوێڕەی پلانی ئاوەدانکردنەوەی فیدراڵی، لە ساڵی 2026دا بدرێت.
ئەمە یەکەمجار نییە کە قسە و باس لەسەر خاوەندارێتی ماراکانا سەرهەڵبدات. لە ساڵی 2011دا، ئیکی باتیستا، دەوڵەمەندترین بازرگانی بەڕازیل، هەوڵیدا یاریگاکە بکڕێت، پێش ئەوەی میوانداری یاری کۆتایی جامی جیهانی 2014 و هەندێک رووداوی ئۆڵۆمپیادی 2016 بکات. هەرچەندە ئەو ئۆفەرە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام مشتومڕ لەسەر فرۆشتنی یاریگاکە بە کۆمپانیایەکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی، لە ماوەی دەیەی رابردوودا بابەتێکی گەرم بووە.

ماراکانا لەلایەن هاندەرانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان بە “ماراکانازۆ” ناسراوە، شایەتی شکستی چاوەڕواننەکراو و مێژوویی هەڵبژاردەی بەڕازیل بوو لە یاری کۆتایی جامی جیهانی ساڵی 1950 بەرامبەر ئۆرۆگوای بە ئەنجامی 2-1 لە 16ی تەمموزی 1950، لەو رۆژەدا بەگوێڕەی ئامارە فەرمییەکانی ئەو کاتە، 199,854 هەزار هاندەری ریۆ روویان لەو یاریگایە کرد، کە بەرزترین رێژەی هاندەر بوو لە یارییەکی تۆپی پێ لە جیهان.
ماراکانا ئێستا، توانای لە خۆ گرتنی 78,838 هاندەری هەیە، لە دوای دروستکردنی لە ساڵی 1950ەوە بە سێ نۆژەنکردنەوەی یەک لە دوای یەک شوێنی دانیشتنی هاندەران کەم کراوەتەوە. یەکەم نۆژەنکردنەوە لە ساڵی 1999 کرا، دووەم نۆژەنکردنەوە لە ساڵانی 2005-2007 کرا و توانای لەخۆگرتنی هاندەرانی بۆ 88 هەزار کەم کردەوە، و سێیەم و کۆتا نۆژەنکردنەوە بۆ مۆندیالی 2014 بوو کە کورسییەکانی بۆ 78 هەزار 838 کورسی کەمکردەوە.



