
یاریگا –
سبەی، چاوەکان لەسەر یاریگای فەرەنسۆ هەریری دەبێت، کاتێک یانەی هەولێر لە یەکێک لە گرنگترین و بەهێزترین یارییەکانی وەرزدا، میوانداریی یانەی شورتە دەکات.
ئەم یارییە تەنها سێ خاڵی نییە، بەڵکو بۆ هەولێر دەرفەتێکە بۆ سەلماندنی هێزی خۆی لەبەردەم پاڵەوانی وەرزی ڕابردوودا، بۆ شورتەش تاقیکردنەوەیەکی قورسە بۆ گهڕانهوه بۆ ئاستی خۆی.
ئامادەکارییەکانی هەولێر
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی وەرزشی یاریگا کەوتووە، یانەی هەولێر بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەکاری بۆ یارییەکە تهواو كردووه و هەواڵی خۆش بۆ هاندهران ئهوهیه مستەفا قابیل، لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و بۆ یارییەکە ئامادەیە، بەڵام هێشتا بەشداریکردنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا یەکلایی نەبووەتەوە. هەروەها، موعتەز زاددهم کە پێکانێکی سووکی هەبوو، ئەگەری زۆرە تاوهكو کاتی یارییەکە بەتەواوی ئامادەبێت.
هەولێر لە تواناکانی دوو یاریزانی گرنگ بێبەش دەبێت:
- سەرهەنگ موحسین: بەهۆی پێکانەوە هێشتا بەتەواوی چاکنەبووەتەوە و ناتوانێت بەشداری بکات.
- ئەحمەد زیرۆ: بەهۆی بەندێکی نێو گرێبەستی خواستنەکەیەوە، بۆی نییە بەرامبەر یانە شورتە یاری بکات.
ئامادەکارییەکانی شورتە
یانەی شورتە، پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو و پێشەنگی ئێستای خولەکە، بڕیارە ئەمشەو بگاتە هەولێر، یانەکە هیچ یەکەیەکی مەشقی لە هەولێر ناكات و ڕاستەوخۆ بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت.
هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ هاندهرانی هەولێر ئەوەیە کە کارگێڕیی یانەی هەولێر بڕیاریداوە چوونەژوورەوەی هاندەران بۆ یارییەکە بەخۆڕایی بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین پاڵپشتی پێشکەش بە یانەکەیان بکەن لەم یارییە چارەنووسسازەدا.
له یانهی شوڕته بههۆی پێكانهوه گومان له بهشداریكردنی عهبدولرهزاق قاسمی بهرگریكار و عهبدولمهجید ئهبوبهكری پیشهگهر دهكرێت.
دۆخی هەردوو یانە لە خولهكه
یانەی هەولێر تاوهكو ئێستا لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا چوار یاریی كردووه، خاوەنی سێ بردنەوە و یهك یەکسانبوونه و هیچ دۆرانێكی نیه و پلهی دووهمی ریزبهندی گرتوهه.
یانەی شورتە سێ یاریی كردووه له ههرسێ یاریی براوه بووه خاوهنی نۆ خاڵه شهش گۆلی كردووه تهنها دوو گۆلیلێكراوه پلهی چوارهمی ریزبهندی گرتووه.