بۆ یاریی كلاسیكۆ پێرێز داواکارییەکی بەپەلە لە یاریزانەکانی دەکات
له كلاسیكۆ جیهان چاوەڕێمانە

یاریگا –
فلۆرەنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید، دوای بردنەوە یانەکەی بەرامبەر یۆڤێنتۆس، بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەرکەوت.
پێگهی دێفێنساسێنترا ئاشكرایكردووه، سەرۆکی یانە شاهانەکە ڕاستەوخۆ دوای یارییەکە سەردانی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی کرد بۆ ئەوەی پیرۆزباییان لێبکات و هانیان بدات بۆ یاریی داهاتوو، کە ڕۆژی یەکشەممە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی بارسێڵۆنا دەکەن، سەرۆکی یانەکە داوای لە یاریزانەکانی کرد کە بەوپەڕی پابەندبوون و ورەوە ئامادەکاری بۆ کلاسیکۆ بکەن.
El mensaje de Florentino al vestuario tras ganar a la Juvehttps://t.co/mEzRgHOAmb
— Defensacentral.com (@defcentral) October 22, 2025
پێرێز لە گفتوگۆیدا لەگەڵ یاریزانەکان، جەختی لە گرنگیی کلاسیکۆ کردەوە و گوتی،
“ڕۆژی یەکشەممە یارییەک دەکەین کە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا سەیری دەکەن، دەبێت دڵخۆشییەک بە هاندەرانمان ببەخشین”
ڕیاڵ مەدرید بە ورەیەکی بەرزەوە پێشوازی لەم یارییە دەکات، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی ئاستی بەرزی دوو لە گرنگترین ئەستێرەکانی، ڤینیسیۆس و بێلینگهام. هەر ئەم دوو یاریزانە ڕۆڵی سەرەکییان لە گۆڵی بردنەوەکەی یانەکە بەرامبەر یۆڤێنتۆس گێڕا.
دێفێنسا ئهوهشی ئاشكراكردووه، سەرۆکی یانە شاهانەکە پێش یاریی دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریدیش سەردانی یاریزانەکانی کردبوو، بەڵام ئەنجامەکەی دڵخۆشکەر نەبوو و یانەکە لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ تووشی شکستێکی قورس بوون. بەڵام ئەمجارە پێرێز متمانەی تەواوی به تیپهكهی ههیه.
ریاڵ مەدرید ئێستا پێشەنگی لالیگای گرتووە و لە دۆخێکی باشدایه، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەم ئاستە بەرزەی بەرامبەر یانەیەکی گەورەی ڕکابەر بسەلمێنێت. هەرچەندە لە یانەکانی وەک ڤیاریاڵ و یۆڤێنتۆسی بردووەتەوە، بەڵام دۆڕانەکانی ئەم وەرزەی ڕیاڵ مەدرید لەسەر دەستی چابی ئەلۆنسۆ، بەرامبەر ڕکابەرە بەهێزەکانی وەک ئاتلێتیکۆ مەدرید و پاریس سانجێرمان لە جامی جیهانیی یانەکاندا هێشتا متمانهی تهواوی دروست نهكردووه.