
یاریگا –
پیشەسازی گرێبەستی لەگەڵ حەفت یاریزان واژۆ کرد و دەیەوێت ئەستێرەیەکی کوردستانیش بگوازێتەوە ریزەکانی.
بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، یانەی پیشەسازی گرێبەستی لەگەڵ حەفت یاریزانی نوێ واژۆکرد، دڵدار خدری بەرگریکاری پێشووی پێشمەرگەی هەولێر بە فەرمی وەرزی داهاتوو درێسی پیشەسازی دەپۆشێت.
هەریەک لە نیاز مەغدید یاریزانی وەرزی رابردووی پێشمەرگەی هەولێر و عەبدولمنعەم ئەحمەد هێرشبەری وەرزی رابردووی بەردەڕەش و محەمەد مستەفا و کاوان سلێمان یاریزانی وەرزی رابردووی هەندرێن گرێبەستیان لەگەڵ پیشەسازی واژۆکرد، محەمەد یاسین گۆڵپارێزی برایەتی بە فەرمی پەیوەندی بە پیشەسازیەوە کردووە.
پیشەسازی نزیکە بارزان شێرزاد یاریزانی پێشووی هەولێر و وەرزی رابردووی ناسڕیە بهێنێتە ریزەکانی، پیشەسازی سەرەتای ئەم وەرزە بە هۆی قەیرانی داراییەوە بڕیاری کشانەوەی دا لە خولی نایابی کوردستان، دواتر لەو بڕیارە پاشگەز بوونەوە و چەند رۆژێکە ئامادەکاریان بۆ وەرزی نوێ دەست پێکردووە.