Loading...
ئیتاڵیاگرنگترینمۆندیالی 2026

سوپەر ماریۆ ئاستی ئیتاڵیا هەڵدەسەنگێنێت؛ دەمەوێت درێسەکە بپۆشم

''بەشێک لە یاریزانانی ئێستا ئیتاڵیا لە گرنگی پۆشینی درێسی ئیتاڵیا تێناگەن''

Yariga App

یاریگا –

ماریۆ بالۆتێلی، یاریزانی ئیتاڵی گلەیی زۆر لە ئاستی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هەیە و ویستی گەڕانەوەی بۆ پێکهاتەی ئازۆری ئاشکراکرد.

بالۆثێلی بەشداری لە کەرنەڤاڵی وەرزشی ئیتاڵیا کرد کە لەلایەن رۆژنامەی لا گازێتا دێلۆ سپۆرت رێکدەخرێت، شان بە شانی زینەدین زیدان، لوسیانۆ سپالێتی، رۆبێرتۆ مانچینی و زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ.

بالۆتێلی کە بەردەوام بە یاریزانێکی پڕمشتومڕ دادەندرێت لەبارەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا روونیکردەوە؛

بەلای منەوە دەکرێ گفتوگۆی زۆر لەسەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بکرێت. قسەکانم هێرشکردنە سەر هیچ کەسێک نییە، بەڵام هەندێکجار یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەبینم کە هیچ ویستێکی بەرگریکردنیان لە درێسی نیشتمان نییە، ئەمەم هیچ بە دڵ نییە.

هێرشبەری پێشووی میلان، ئینتەر، مانچێستەر و لیڤەرپوول دەڵێت؛

کاتێک لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بووم، بە شانازییەوە نوێنەرایەتی وڵاتەکەم دەکرد.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک؛ ئایا بالۆتێلی دوا هێرشبەری سەرەڕمی ئیتاڵیا بووە؟

بەردەوام ئەم قسەیەم پێدەڵێن، بەڵام پێموایە ئیتاڵیا دەگاتە مۆندیال. دەمەوێت جارێکی دیکە ئەم درێسە بپۆشم، دەمەوێت جارێکی دیکە یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بکەم.

لە یوڤێنتوس نزیکبوو؟

لەلایەکی دیکەوە، بالۆتێلی کە بەڕەچەڵەک خەڵکی گانایە، باسی لە کەیسی گواستنەوەی بۆ یوڤێنتوس کرد؛

بڕیاربوو پەیوەندی بە یوڤێنتوس بکەم، تەنانەت لەڕێگەبووم بۆ تۆرینۆ، بەڵام مینۆ رایۆلا (بەڕێوەبەری کارەکانی) رێگەی منی گۆڕی و منی ناردە میلان.

لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ ئیبراهیمۆڤیچ، بالۆ دەڵێت؛

رێزێکی زۆری یەکتر دەگرین، دەزانم ئەو هەندێک بێزارکەرە، بەڵام ئەم رەفتارە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە خۆشیان دەوێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button