بێڵینگهام لە ساڵنامەی 2026ـی ریال مەدرید دوور دەخرێتەوە

یاریگا –
دوای ئاشکرا کردنی ساڵنامەی 2026، ریال مەدرید وێنەی جود بێڵینگهام دەسڕێتەوە.
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێ بێڵینگهام وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراوی بەخۆیەوە بینی. یاریزانە تەمەن 22 ساڵەکە کە تا تەنیا چەند مانگێک لەمەوبەر رووخساری ریکلامەکانی ریال مەدرید بوو و یاریزانێکی سەرەکی بوو لە پێکهاتەکەدا، ئێستا تەنانەت لە ساڵنامەی نوێدا وێنەکەی سڕاوەتەوە، بڕیارێک کە سەرنجی هاندەران و میدیاکانی راکێشا.

رۆژنامەی سەن بانگەشەی ئەوە دەکات کە ریال مەدرید بە لابردنی وێنەی بێلینگهام لە ساڵنامەی فەرمی ساڵی2026، زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کردووە. ئەمەش تەنیا ساڵێک دوای ئەوەی لە بەرگی 2025دا رووخساری سەرەکی بوو. ئەم چاپە نوێیەی ساڵنامەکە ئەستێرە لاوەکانی وەک ئاردا گولەر و دین هاوسنی لە شوێنی بێڵینگهام داناوە، هەروەها یاریزانە بەئەزموونەکانی وەک دانی کارڤاخال و ئیدەر میلیتاو.

جیا لە لابردنی وێنەکەی تەنانەت لە پێکهاتەی سەرەکی یانە مەدریدییەکەش دوورخراوەتەوە و وەکوو یاریزانێکی یەدەگ دێتە ناو یاریگا هەروەها بانگهێشتی پێکهاتەی نوێی ئینگلتەرا بۆ پشووی نێودەوڵەتی نەکرا. بڕیارەکەش بێزارییەکانی ئەم دواییەی زیاتر کرد. توخێل کەمی بەشداری کردن لە یارییەکان و دوورکەوتنەوەی لە ئاستی جارانی بەهۆی نەشتەرگەری شانی وەک هۆکار هێنایەوە، هاوکات دووپاتیکردەوە کە بێلینگهام وەک یەکێک لە باشترین یاریزانە ناوەڕاستەکانی جیهان دەمێنێتەوە بەڵام پێویستی بە کات دەبێت بۆ ئەوەی ئاستی جارانی بەدەست بهێنێتەوە.
تێکەڵبوونی ئەم دوو رووداوە، نادڵنیایی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە و دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا دۆخێکی سەختی بۆ یاریزانەکە دروستکردووە کە تا چەند مانگێک لەمەوبەر ئەستێرەی یەکەمی هەردوو تیپ بوو و بووەتە هۆی ئەوەی بە بارودۆخێکی قورسدا تێپەڕببێت.