
یاریگا –
بۆ ئەم وەرزە هەر یەک لە یانەکانی دهۆک و زاخۆ و نەورۆز بەشداری قۆناخی یەکەمی جامی عێڕاق ناکەن.
بریارە پێنج شەممە ( 9ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق لە بەغدا، تیروپشکی قۆناخی یەکەمی جامی عێڕاق بۆ 32 یانە رابکێشرێت کە لەم قۆناخەدا تەنها یانەی هەولێر لە یانە کوردستانیەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەشداری تێدا دەکات.
بۆچی دهۆک و زاخۆ و نەورۆز بەشداری ناکەن؟
بەپێی یاسایەکی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق، ئەو یانانەی لە وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە ریزبەندی یەکەم تاکو دەیـەمیان بەدەست هێناوە لە قۆناخی یەکەمی جامی عێڕاق بەشداری ناکەن، زاخۆ ریزبەندی سێیەم و دهۆک حەفتەم و نەورۆز ریزبەندی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقیان لە وەرزی رابردوو بەدەست هێنابوو.
ژمارەی یانە بەشداربووەکان لە قۆناخی یەکەم.
لە قۆناخی یەکەم 32 یانە بەشداری جامی عێڕاق دەکەن، ریزبەندی 10ـەیەمی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق تاوەکو ریزبەندی 20ـەم، لەگەڵ سەرجەم یانەکانی خولی نایابی کە ژمارەیان 20 یانەیە بەشداری قۆناخی یەکەمی جامی عێڕاق دەکەن.
هەر یەک لە یانەکانی سناعە و سناعات کارەبایی بەشداری جامی عێڕاق دەکەن، وێڕای ئەوەی ئەم دوو یانەیە وەرزی رابردوو لە خولی نایابی عێڕاق دابەزین بۆ ریزی پلە یەکی عێڕاق، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بەشداری جامەکە بکەن و بەم دوو یانەیەش کۆی یانەکانی قۆناخی یەکەم لە جامی عێڕاق دەگاتە 32 یانە.
دهۆک وەرزی رابردوو توانی ببێتە پاڵەوانی جامی عێڕاق بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، لە دێڕبی بادینان لە بەغدا دهۆک لە یاریی کۆتایی جامی عێڕاق شکستی بە زاخۆ هێنا و بووە پاڵەوانی جامی عێڕاق.