Loading...
ئه‌مریکائیسپانیا

میلیتاو: بڕیارمدا ماڵئاوایی لە تۆپی پێ بکەم

Yariga App

یاریگا –

ئیدەر میلیتاو، بەرگریکاری ریال مەدرید، دانی بەوەدانا کە بیری لە وازهێنان لە یاری تۆپی پێ کردووەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدەر میلیتاو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرایکرد، نزیکە لە وازهێنان لە یاری تۆپی پێ. بەرگریکاری ناوەڕاستەکەی ریال مەدرید بۆ یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر کۆریای باشوور (هەینی 10ی تشرینی یەکەم) و ژاپۆن (سێشەممە 14ی تشرینی یەکەم) بانگهێشتی هەڵژاردەی بەڕازیل کراوە.

میلیتاو لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی:

دوای دووەم پێکانم لە ئەژنۆی راستم، زۆرم بیرکردەوە، بیرم لەوە دەکردەوە واز لە تۆپی پێ بهێنم، چونکە کارێکی ئاسان نییە، بڕیارێکی زۆر جیددیش بوو، بەڵام بە هاوکاری هاوژینەکەکەم و کچەکەم و هاوڕێکانم، ئەمڕۆ لێرەم بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆم بسەلمێنمەوە.

لە 12ی ئابی 2023 میلیتاو لە یارییەکی بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو لە یاریگای سان مامێس تووشی دڕانی بەستەری ئەژنۆی  چەپی بوو. دوای زیاتر لە ساڵێک لە مانگی نۆڤەمبەری 2024 تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی راستی بوو. ئەم دوو پێکانە سەختە وای لێکرد نزیکەی دوو وەرز (2023-24 و 2024-25) لە یاریگاکان دوور بکەوێتەوە.

میلیتاو لە تەمەنی 27 ساڵیدا ماوەی 438 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە و بە کۆی گشتی لە 94 یاری ریال مەدرید بەشداری نەکرد. بۆ ماوەی 214 رۆژ بەهۆی پێکانەکەی یەکەم و 224 رۆژ بەهۆی پێکانی دووەمەوە.

بەرگریکارە بەڕازیلییەکە لە مانگی حوزەیران لە جامی جیهانی یانەکاندا جارێکی دیکە گەڕایەوە یاریگاکان، هەرچەندە ئانچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل بڕیاریدا لە مانگی ئەیلولدا بانگهێشتی نەکات بەڵام ئەمجارە میلیتاو لە دو یارییە دۆستانەکەی هەڵبژاردەکەی ئامادە دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button