Loading...
ئاسیاراپۆرتی تایبەتسعوودیەگرنگترینمۆندیالی 2034

پلانەکانی سعوودیە بۆ پێشوازیکردن لە مۆندیالی 2034 ئاشکرا دەکرێن

چۆن پێشوازی لە 48 هەڵبژاردە دەکات؟ چەند یەکەی هۆتێلی ئامادە دەکرێن؟

Yariga App

یاریگا –

سعوودیە وەبەرهێنانی گەورە لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی یاریگاکانی تۆپی پێ تاوەکو ساڵی 2032 دەکات.

کۆمپانیای نایت فڕانک، تایبەت بە راوێژی خانووبەرە بڵاویکردووەتەوە، سعوودیە نزیکەی 17.5 ملیار دۆلار لە ژێرخانی وەرزشی خەرج دەکات، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە مۆندیالی 2034 و جامی ئاسیا 2027.

سعوودیە 15 یاریگای بۆ بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2034 ئامادەکردووە، لەوانە 11 یاریگای نوێن و کۆی گشتی ژمارەی کورسییەکانی ئەم یاریگا نوێیانە دەگاتە 775 هەزار کورسی.

بەگوێرەی پلانی داڕێژراو، 8 یاریگا لە ریاز دروست دەکرێن، چوار یاریگا لە جەدە و یاریگایەکیش لە خوبەر، ئەبها و نیۆم.

48 هەڵبژاردە رکابەری دەکەن

بەگوێرەی راپۆرتەکە بێت، سعوودیە 17.5 ملیار دۆلار لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی 12 یاریگا تاوەکو ساڵی 2032 خەرج دەکات.

سعوودیە دەبێتە یەکەم وڵات میوانداری مۆندیالێکی 48 هەڵبژاردەیی بە تەنیا بکات، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی وەرزشی وڵاتەکەدا بکات.

یاریگای شا سەلمان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو دەست بە دروستکردنی بکرێت و لە ساڵی 2029 ئامادە دەبێت، وەکو سەرنجڕاکێشترین یاریگای مۆندیال هەژمار دەکرێت. یاریگاکە توانای لەخۆگرتنەوەی 92 هەزار هاندەری دەبێت و یاریی کردنەوە و کۆتایی مۆندیالی تێدا دەکرێت.

جیا لەو شارانەی پێشوازی لە یارییەکانی مۆندیال دەکەن، هەڵبژاردە بەشداربووەکان لە شارەکانی عوولا، مەدینە، تائیف، جازان، باحە، ئەملەج، تەبووک، حائیل، ئەحسا و برێدە کەمپەکانی مەشق دەکەنەوە و دەبێتە شوێنی مانەوەی بەشێک لە هەڵبژاردەکان.

وەبەرهێنانەکان لە چوارچێوەی دیدگای 2030

تاوەکو ئێستا سعوودیە بوودجەیەکی دیاریکراوی بۆ پێشوازیکردن لە مۆندیالی 2030 نییە، بەڵام یاسر مسحەل، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی سعوودیە بە کەناڵی شەرقی سعوودیە گوتووە؛

هیچ پارەیەکی زەبەلاح بۆ گەورەکردنی ژێرخانی وەرزشی مۆندیال تەرخان نەکراوە، بەڵکو سعوودیە لە چوارچێوەی دیدگای 2030 پلانەکانی جێبەجێ دەکات و لەم چوارچێوەیەشدا داواکارییەکی زۆر بۆ برەودان بە ژێرخانی وەرزشی هەیە.

پلانی فراوانکردنی هۆتێل، نەخۆشخانە و کەرتی گەشتیاری داڕێژراوە، هەروەها تۆپی پێ یەکێکە لە دیارترین ئەو کەرتانەی گەشەی پێدەدرێت.

بەهۆی زۆری ژمارەی هەڵبژاردەی بەشداربوو لە مۆندیال، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی پێوانەیی لە گەشتیاران سەردانی سعوودیە بکەن، بۆیە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئامادەکردنی 232 هەزار یەکەی هۆتێلی بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت.

بەگوێرەی داتاکانی کەناڵی شەرق، ئێستا 47 هەزار یەکەی هۆتێلی لە ریاز، جەدە، خوبەر، نیۆم و ئەبها ئامادەیە، واتە سعوودیە کار لەسەر دروستکردنی 185 هەزار یەکەی هۆتێلی دیکە دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button