
یاریگا –
دیكۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەنگۆكانی دەربارەی پێوویستییەكانی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێكی سەرەڕم یەكلاییكردەوە.
دیكۆ روونیكردەوە، ئێستا كاتێكی گونجاو نییە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ هێرشبەرێكی سەرەڕم یان تەنانەت نوێكردنەوەی گرێبەستی لیڤاندۆڤسكیش، ئێستا دەبێت هەوڵی گەڕاندنەوەی یاریزانە پێكراوەكان بدەین و هاوسەنگییەک بۆ ئەو تیمە بەدەستبهێنین كە هانزی فلیک سەركردایەتی دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، فەلسەفەی یانەكە تەنیا پشت بە گرێبەستی گەورە نابەستێت، بەڵكو زیاتر نوێكردنەوەی متمانەیە بەو یاریزانەی كە هەمانە.
لە درێژەی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا دیكۆ گوتیشی:
لە مانگی ئۆكتۆبەردا باسی نوێكردنەوەی گرێبەستەكان ناكەین، هەنگاو بە هەنگاو كارەكان دەكەین، لیڤاندۆڤسكی یەكێكە لە باشترین هێرشبەرەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی، یاریزانێكە ئاستێكی زۆر بەرزی هەیە و زۆر یارمەتیدەرمان بووە، زیاتر لە 40 گۆڵیكردووە؟ ئێستا دەبێت سەرنجمان تەنیا لەسەر گەڕاندنەوەی یاریزانە پێكراوەكان بێت.
باشترین گرێبەستەكان نوێكردنەوەی متمانەن بەو یاریزانانەی كە هەمانە، ناكرێت پەلە لە گواستنەوەی هێرشبەرێک بكەین، چونكە دەكرێت ئەوە بمانخاتە هەڵەوە، دەكرێت بە بێ ژمارە 9 یاریی بكەین، ئێستاش كاتێكی گونجاو نییە بۆ ئەوەی باسی گواستنەوەی یاریزان بكەین، فێران تۆرێس توانای ئەوەی هەیە وەک هێرشبەرێكی سەرەڕم یاریی بكات.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی 37 ساڵان گرێبەستەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت.