
یاریگا –
پۆلیسی کاتالوونیا سەرپێچیی سەرۆکێکی پێشوو و چەند بەرپرسێکی پێشووی بارسێلۆنا لە گرێبەستی گواستنەوەی یاریزانێک ئاشکرا دەکات.
پۆلیسی کاتالوونیا بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2018 جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی پێشووی یانەکە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵا، چەندین سەرپێچی داراییان لە گواستنەوەی ماڵکۆم کردووە.
ماڵکۆم ئێستا یاریزانی هیلالی سعوودیە، بەڵام گواستنەوەی لەو کاتەدا لە بۆردۆ بۆ بارسێلۆنا چەندین سەرپێچی تێداکراوە.
دادگای بارسێلۆنا ئێستا لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستییەکان دەکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ، بارسێلۆنا بڕی 10 ملیۆن یۆرۆی بە کۆمپانیای (بزنس فوتبۆڵ ئێسپانا – Business Futbol Espana) داوە، لە بەرامبەر نێوەندگیری لە مامەڵەکان لە ساڵانی نێوان 2018 تاوەکو 2020.
بەگوێرەی بەڵگەکان بێت، پارە خەرجکراوە، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەک لە بەرامبەریدا نییە، یاخود ئەو خزمەتگوزارییەی کراوە بەراورد بە نرخی بازاڕ، زۆر بەرزە.
دادگای بارسێلۆنا خەریکی لێکۆڵینەوە لە مامەڵەی گواستنەوەی ماڵکۆم دەکات، چونکە پارەیەک خەرجکراوە و دیارنییە ئامانج لە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە چییە.
چوار ملیۆن زیانی دارایی
رۆژنامەی ئێل پێریۆدیکۆ بڵاویکردووەتەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بارتۆمیۆ و چەند بەرپرسێکی باڵای پێشووی یانەکە لەسەر ئەم کەیسە دەستیپێکردووە. بەرپرسە تۆمەتبارەکان بریتین لە ئۆسکار گڕاو، خۆردی میسترێ ماسدیۆ، ئیگناسیۆ میسترێ، فرانسێسکۆ شرۆدەر و خۆردی مۆیکس هەروەها گۆنزالێس فڕانکۆ.
دادگای بارسێلۆنا دەڵێت ئەم مامەڵانە نایاسایین و بەبڕی چوار ملیۆن یۆرۆ زیانی دارایی بە بارسێلۆنا گەیاندووە، هەرچەندە لەسەر داوای خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا، راپۆرتێکی دارایی پێشکەشی دادگا کراوە و زیانەکە بە 30 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنێت.
داواکاری گشتی بارسێلۆنا پێیوایە، بارتۆمیۆ و بەرپرسانی دیکە، سوودیان لە بۆشایی دەسەڵات وەرگرتووە و چەند بڕیارێکیان داوە کە دەبووایە لەڕێگەی ئەنجوومەنی کارگێڕی یانەکە درابووایە.