
یاریگا –
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵبژاردەی عێراق لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 كرد.
لە کۆنگرەکەدا، عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، و د.نەوفەل ئەبو ڕەغیف، سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و ئەحمەد موسەوی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتییەکە، و محەمەد فەرحان، ئەمینداری گشتی ئامادهبوون.
یەکخستنی وتاری میدیایی بۆ پاڵپشتی شێرەکانی رافیدەین
دکتۆر نەوفەل ئەبو ڕەغیف، سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن، جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوکاریی هەموو لایەنەکان بۆ پشتیوانیکردنی هەڵبژاردەی عێراق لە پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیال كردهوه كه بڕیاره لە 8 تاكو 14ـی ئەم مانگە لە شاری جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت.
ئەبو ڕەغیف گوتی:
“پێویستە هاوکار و یەکگرتوو بین پێش چوونە ناو ڕکابەرییەکانی پاڵاوتنهكانی مۆندیال، دهبێت بهشێوهیهكی پیشەگەرانە هەموو میدیاکان مامهڵه لهگهڵ دۆخهكه بكریت کە شایستەی ناوبانگی شێرەکانی ڕافیدەین بێت.
پێش ئەم کۆنگرەیە چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ پێشکەشکارانی بەرنامە وەرزشییەکان كردووه بۆ یەکخستنی وتاری وەرزشی، بەجۆرێک کە لەگەڵ خواستە نیشتمانییەکاندا بگونجێت و پشتگیری لە خولیای جەماوەر بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بكات.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵبژاردەی عێراق ڕووی گەشی وەرزشی وڵاتە و کاری ئەوان بریتییە لە دابینکردنی پشتیوانیی میدیایی، هێورکردنەوەی دۆخەکە، و دوورکەوتنەوە لە بەکەسیکردنی کێشەکان و سووکایەتیی بەئەنقەست. جەختیشی کردەوە کە ڕێگری لە هەموو ئەو شتانە دەکەن کە ورەی یاریزانەکان دەڕووخێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنماییەکی میدیایی وەرزشی هەیە، هاوکات داوای کرد میوانەکانی بەرنامەکان بەوریایی و پیشەگەرانە هەڵبژێردرێن.
ئەبو ڕەغیف ڕوونیکردەوە،
“ئێمە نامانەوێت دەمی کەس ببەستین و ئازادیی ڕادەربڕین لامان گرنگە، بەڵام ڕەخنەگرتن سنووری خۆی هەیە و نابێت بەشێوەیەکی پشێوی بێت.
له كۆتایید گوتی، هەڵبژاردەی عێراق پێویستی بە پشتیوانیی میدیایی و ڕەخساندنی بارودۆخێکی گونجاو هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجهكهمان و بەدیهێنانی خەونی ملیۆنان کەس.
درجال: بەرژەوەندی گشتی لەپێش هەموو شتێکەوەیە
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ، گوتی،
چاوەڕوانی سەرکەوتنین لە گەیشتن بە مۆندیال، و پێویستە لەسەر هەموومان بەرژەوەندیی گشتی بخەینە پێش بەرژەوەندییە کەسییەکانەوە، بۆ ئەوەی یەکڕیزی و هاوکاریی هەمووان لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەهێزتر بکەین بۆ بەدەستهێنانی بلیتی سەرکەوتن بۆ جامی جیهانی 2026.”
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەمدایە لەگەڵ سعودیە و ئیندۆنیزیا. یارییەکان لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەدەچن.
له 11ـی ئهم مانگه له كاتژمێڕ 06:00 ئێواره بهرامبهر ئیندۆنیزیا یاریی دهكات و . له 14ـی مانگیش له كاتژمێر 10:30ـی شهو بهكاتی ههولێر له یاریگای شاری شا عەبدوڵڵای وەرزشی لە جەددە بهرامبهر سعودیه یاریی دهكات.
سیستەمی پاڵاوتنەکە بەم شێوەیەیە:
- سەرکەوتنی ڕاستەوخۆ: یەکەمی هەر کۆمەڵەیەک (کۆمەڵەی یەکەم و دووەم) ڕاستەوخۆ سەردەکەوێت بۆ مۆندیالی 2026.
- یاریی پاشکۆی ئاسیا: ئەگەر عێراق پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بەدەست بهێنێت، ئەوا ڕووبەڕووی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم (کە پێکهاتووە لە قەتەر، ئیمارات و عومان) دەبێتەوە.
براوەی ئەو دوو یارییە، سەردەکەوێت بۆ پاشکۆی جیهانی کە لە مانگی ئازاری 2026 بەڕێوەدەچێت و دواین هەلی سەرکەوتنە بۆ مۆندیال.