
یاریگا –
راهێنەری زاخۆ باسی ئامادەکاری تیەکەی دەکات بۆ یارییەکەی بەرامبەر قادسیە و دەڵێت شانازییەکی گەورەیە زاخۆ بەشداری پاڵەوانیەتی دەرەکی دەکات.
سێ شەممە ( 30ـی سێپتێمبەری 2025 ) لە گڕووپی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، لە یەکەم یاریی خۆیدا زاخۆ لە یاریگا دهۆک کاتژمێر 8:30ـی شەو میوانداری قادسیەی کوێتی دەکات.
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکە دووپات کردەوە و لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند:
یارییەکە تایبەت و گرینگ دەبێت بۆ ئێمە، حەزمان دەکرد لە یاریگای خۆمان و بەرامبەر هاندەری خۆمان یاریی بکەین، بەڵام رێز لە بڕیاری لیژنەکە دەگرین، دڵنیام هاندەرانی دهۆکیش بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەو یارییەن و لەگەڵ زاخۆیێەکان هانی ئێمە دەدەن، تیپەکەمان بە تەواوی ئامادەیە بۆ یارییەکە و ئامانجمان بە دەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی پاڵەوانیەتیەکەیە.
راهێنەرە قەتەڕییەکەی زاخۆ دەربارەی بەشداریکردنی زاخۆ لە یەکەم پاڵەوانیەتی دەرەکی لە مێژووی خۆیدا گووتی:
شانازییەکی گەورەیە بۆ زاخۆییەکان کە بەشداری پاڵەوانیەتی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکەن، جگە لە زاخۆییەکان هەموو عێڕاق پشتیوانی ئێمە دەبێت لەم پاڵەوانیەتیە گرینگە.
سەرجەم یاریزانانی زاخۆ بۆ یارییەکە ئامادەن، گومان لە بەشداریکردنی شێرکۆ کەریم دەکرا لەم یارییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا یاریزانەکە ئامادە دەبێت لە پێکانەکەی چاکبۆتەوە.
زاخۆ لە گڕووپی یەکەم لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو لەگەڵ یانەکانی عەینی ئیماڕاتی، سیترەی بەحرێنی و قادسیەی کوێتی یاریی دەکات.



