ژمارەی هەڵبژاردەکانی بەشدار لە مۆندیالی 2030 زیاد دەکرێت
هاوتەریب لەگەڵ کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی UN - ئینفانتینۆ و بەرپرسانی باڵا لە تاوەری تڕەمپ لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە و باسیان لە داهاتووی تۆپی پێ کردووە

یاریگا –
فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ گفتوگۆ لەبارەی زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردەکانی بەشدار لە مۆندیالی 2030 دەکات.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ سێشەممە بە ئامادەبوونی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و ماتیاس گرافسترۆم، سکرتێری فیفا و چەند دیپلۆماتکاری باڵای پاڕاگوای، ئەرجەنتین و ئوروگوای و بەرپرسانی باڵای یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور و ئەرجەنتین لە باڵەخانەی تڕەمپ لە نیویۆرک کۆبوونەوە.
یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوو لە زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردەکانی مۆندیالی 2030 بۆ 64 هەڵبژاردە، کە یەکەمجار ئیگناسیۆ ئاڵۆنسۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی پاڕاگوای بیرۆکەکەی لە مارس/ئاداری رابردوو خستەڕوو.
بنەمای بیرۆکەکەی ئیگناسیۆ بریتییە لەوەی تۆپی پێ بچێتە ئاستێکی پێشکەوتووتر و لە یادی 100 ساڵەی بەڕێوەچوونی یەکەم وەشانی مۆندیال، گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر پاڵەوانیەتییەکەدا بێت.
بیرۆکەکە بە توندی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا و ئەمریکای باشوور رەتکراوەتەوە، بەڵام چەندین بەرپرس و ئەندامی باڵای فیفا بە تووندی پاڵپشتی بیرۆکەکە دەکەن.
لە ساڵی 1982 بۆ یەکەمجار ژمارەی بەشداربووانی مۆندیال لە 16 بۆ 24 هەڵبژاردە زیادکرا، دواتر لە مۆندیالی 1998 کرایە 32 هەڵبژاردە و بڕیارە لە مۆندیالی ساڵی داهاتوو لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، ژمارەی هەڵبژاردەی بەشداربوو بۆ 48 بەرزبکرێتەوە.
لە ئەگەری قبووڵکردنی پێشنیازەکە، ئەوا رێژەی بەشداری هەڵبژاردەی ئەندام لە فیفا بۆ مۆندیال دەبێتە 30% لە کۆی 211 وڵاتی ئەندام لە فیفا.
بڕیاری ستراتیجی لەمشێوەیە پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی گشتی فیفا پەسند بکرێت و ئەمەش تاوەکو ئێستا دوورە لە لۆژیک.