بە داتا و بەڵگە؛ کێ دەبێتە براوەی باڵۆن دۆری 2025؟
شەش بەربژێری سەرەکی کێبڕکێ دەکەن..

یاریگا –
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی سێپتێمبەر/ئەیلوول کاتژمێر 22 بەکاتی هەولێر، لە شانۆی دو شاتلی بەناوبانگ لە پاریس، پایتەختی فەڕەنسا، باشترینەکانی جیهان دیارییدەکرێن.
30 یاریزان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2025 دەکەن، قسە زۆرە لەسەر ئەوەی کام یاریزان شایستەی خەڵاتەکەیە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی وەرزی 2024/2025 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا شیکارییەکی وردی بۆ ئاستی شەش بەربژێری سەرەکی خەڵاتەکە لە وەرزی رابردوو کردووە.
عوسمان دێمبێلێ (پاریس سانجێرمان)
53 یاریی کردووە، 3,483 خولەک یاریی کردووە، 35 گۆڵی کردووە و 14 گۆڵی دروستکردووە و بەشداریی 49 گۆڵی کردووە. 71.1 خولەک جارێک بەشداریی گۆڵێکی کردووە و 99.5 خولەک جارێک گۆڵێکی کردووە.
عوسمان دێمبێلێ رۆڵی سەرەکی بینی لەوەی پاریس سانجێرمان بۆ یەکەمجار نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، بوونە پاڵەوانی خولی فەڕەنسی و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکانیش.
عوسمان لە لیگ وەن لە 29 یاریی 21 گۆڵی کرد و بە هاوبەشی لەگەڵ مەیسن گرینوود، ئەستێرەی مارسیلیا بووە گۆڵکار، هەروەها ناوی لە باشترین پێکهاتەی وەرزی خولەکەدابوو، هەر لە لیگ وەن بە باشترین یاریزانی وەرزیش دیاریکرا.
یاریزانە 28 ساڵانییەکە بە باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگیش دیاریکرا دوای ئەوەی 8 گۆڵی کرد و 6 گۆڵی دروستکرد، کە 2 ئەسیستیان لە یاریی کۆتایی بوو بەرامبەر ئینتەر میلان 5-0 یارییەکەیان بردەوە.
هاری کەین (بایرن میونشن)
51 یاریی کردووە، 3,955 خولەک یاریی کردووە، 41 گۆڵی کردووە و 12 گۆڵی دروستکردووە و بەشداریی 53 گۆڵی کردووە. 74.6 خولەک جارێک بەشداریی گۆڵێکی کردووە و 96.5 خولەک جارێک گۆڵێکی کردووە.
گۆڵکارە ئینگلیزەکە یەکەم نازناوی لە کاروای وەرزشیدا بەدەستهێنا و سەرکردایەتی بایرن میونشنی لە بەدەستهێنانی نازناوی بۆندزلیگا کرد.
یاریزانە 32 ساڵانییەکە لە 31 یاریی بۆندزلیگا 26 گۆڵی کرد و 10 گۆڵی دروستکرد، بووە گۆڵکاری خولەکە و سێ هاتریکیشی کرد.
کیلیان ئێمباپێ (ریال مەدرید)
59 یاریی کردووە، 4,742 خولەک یاریی کردووە، 44 گۆڵی کردووە و 5 گۆڵی دروستکردووە و بەشداریی 49 گۆڵی کردووە. 96.8 خولەک جارێک بەشداریی گۆڵێکی کردووە و 107.7 خولەک جارێک گۆڵێکی کردووە.
هێرشبەرە فەڕەنسییەکە لە یەکەم وەرزی لالیگا لە 34 یاریی بەشداریی 34 گۆڵی کرد و بە 31 گۆڵ بووە گۆڵکار و چوار گۆڵ لەپێش رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری بارسێلۆنا بوو. چوار گۆڵیشی دروستکرد.
هەر لە یەکەم وەرزی لالیگادا هاتریکی بەرامبەر ڤایادۆلید و بارسێلۆنا کرد، لە چامپیۆنزلیگیش بە هاتریکێک مانچێستە سیتی دوورخستەوە.
کیلیان بە 52 گۆڵ بووە دووەم گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی فەڕەنسا و لە شکاندنی ریکۆردەکەی ئۆلیڤیە جیرو نزیکبووەتەوە، کە خاوەنی 57 گۆڵە.
رافینیا (بارسێلۆنا)
57 یاریی کردووە، 4,661 خولەک یاریی کردووە، 34 گۆڵی کردووە و 22 گۆڵی دروستکردووە و بەشداریی 56 گۆڵی کردووە. 83.2 خولەک جارێک بەشداریی گۆڵێکی کردووە و 137.1 خولەک جارێک گۆڵێکی کردووە.
رافینیا هاوکاری بارسێلۆنای لە بەدەستهێنانی هەر سێ نازناوی لالیگا، جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا کرد.
رافینیا لە لالیگا 18 گۆڵی کرد و 9 گۆڵی دروستکرد، بە باشترین یاریزانی وەرزی لالیگا دەستنیشانکرا.
هێرشبەرە 28 ساڵانییەکە لە 14 یاریی چامپیۆنزلیگ 13 گۆڵی کرد و بە هاوبەشی لەگەڵ گیراسی، هێرشبەری دۆرتموند بووە گۆڵکار و بە 9 ئەسیست بووە گۆڵدروستکاری وەرزەکە.
محەمەد سەڵاح (لیڤەرپوول)
52 یاریی کردووە، 4,497 خولەک یاریی کردووە، 34 گۆڵی کردووە و 23 گۆڵی دروستکردووە و بەشداریی 57 گۆڵی کردووە. 78.9 خولەک جارێک بەشداریی گۆڵێکی کردووە و 132.3 خولەک جارێک گۆڵێکی کردووە.
محەمەد سەڵاح رۆڵی سەرەکی بینی لەوەی لیڤەرپوول بۆ بیەستەم جار بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ.
محەمەد سەڵاح لەکۆی 38 یاریی پرێمەرلیگ 29 گۆڵی کرد و 18 گۆڵی دروستکرد، هەروەها بووە دووەم یاریزانی مێژوو لە وەرزێکی خولەکەدا بەشداریی 47 گۆڵ بکات.
هەروەها چوارەم پێڵاوی زێڕینی وەک گۆڵکاری خولەکە بەدەستهێنا و ریکۆردەکەی تێری هێنری، ئەفسانەی ئارسیناڵی یەکسانکردەوە. بۆ وەرزی دووەمیش بەدوای یەک بە باشترین یاریزانی خولەکە دیاریکرا.
هێرشبەرە میسڕییەکە لە چامپیۆنزلیگ سێ گۆڵی کرد، بەڵام لە قۆناخی شازدە لەسەر دەستی پاریس سانجێرمان دەرکران.
لامین یامال (بارسێلۆنا)
55 یاریی کردووە، 4,548 خولەک یاریی کردووە، 18 گۆڵی کردووە و 21 گۆڵی دروستکردووە و بەشداریی 39 گۆڵی کردووە. 116.6 خولەک جارێک بەشداریی گۆڵێکی کردووە و 252.7 خولەک جارێک گۆڵێکی کردووە.
یاریزانە 18 ساڵانییەکە هاوکارییەکی گەورەی بارسێلۆنای لە بەدەستهێنانی هەر سێ نازناوی لالیگا، جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا کرد.
هەروەها بە باشترین یاریزانی لالیگا لە مانگی سێپتێمبەر/ئەیلوول دیاریکرا، ناوی لە باشترین پێکهاتەی وەرزی لالیگا و چامپیۆنزلیگیش هەبوو.
لە قۆناخی پێشکۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا دوو گۆڵی لە فەرەنسا کرد کە 5-4 یارییەکەیان بردەوە، بەڵام لە یاریی کۆتایی بەلێدانی یەکلاییکەرەوە بە پۆرتوگال دۆڕان.