
کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە مێژووی وەرزشی هەر نەتەوەیەکدا، چەند ناوێک هەن کە دەبنە سیمبول و ناسنامە.
بۆ تۆپی بالەی کوردستان و عێراق، دکتۆر عەلی تەها یەکێکە لەو ناوانەی کە بە پیتی زێڕین ناوی نوسراوەتەوە، ئەو پیاوەی لە دڵی گەرمیان و شاری کەلارەوە هەڵقوڵا و بووە ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمانی ئاسیا، ئەمڕۆ، لە یارییەکی شایستەدا، بۆ دواجار ماڵئاوایی لەو یاریی تۆڕ دەکات کە ساڵانێک بوو پاشای بێ رکابەری بوو.
لە کەلارەوە بۆ لوتکەی ئاسیا: کاروانێکی پڕ لە شانازی
عهلی تهها لە 1983، لە کەلاری پڕ لە جوانی و خەبات، ئەستێرەیەک لەدایکبوو کە دواتر بووە یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی وەرزشی گەرمیان، عەلی تەها، هەر لە سەرەتاوە خاوەنی بەهرەیەکی گهوره و کەسایەتییەکی سەرکردانە بوو، ئەو بە خێرایی قۆناخەکانی بڕی و بووە باشترین یاریزانی بالەی کوردستان و عێراق. کاروانەکەی تەنها کۆمەڵێک یاری نەبوو، بەڵکو خەرمانێک بوو لە دەستکەوت و نازناوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوو.
گرنگترین دەستکەوتەکانی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و هەڵبژاردەی عێراق:
- پاڵەوانێتییەکانی عێراق: دوو جار نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەدەستهێناوە و یانەکەی کردووەتە هێزێکی گەورە لەسەر ئاستی ئاسیا و بهشداری پاڵهوانیهتی بالهی ئاسیا كردووه.
- پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەب: لەگەڵ یانەی پێشمەرگەدا چەندین جار بەشداریی کردووە و ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردووە.
- هەڵبژاردەی عێراق: وەک کاپتن و سەرکردەی هەڵبژاردەی عێراق، لە چەند پاڵەوانێتیی ئاسیایی و عەرەبیدا بەشداریی کردووە و ناوی عێراقی لەسەر نەخشەی بالەی ئاسیا بە بەرزی هێشتووەتەوە، پلهی دووهمی پاڵهوانیهتی بالهی عهرهبی بهدهستهێناوه.
یاریی ماڵئاوایی و رێزلێنانێکی گهوره
ئەمڕۆ، 18ـی ئەیلوولی 2025، لە هۆڵی پێشمەرگە لە سلێمانی، یاریی ماڵئاوایی ئەم ئەفسانەیە بەڕێوەدەچێت. كه یارییهكه له نێوان هاوڕێکانی عەلی تەها لە هەڵبژاردەی عێراق و یانەی شەهدابی ئێرانی، پاڵەوانی ئێران، دووەمی ئاسیا، و بەشداربووی جامی جیهانیی یانەکان دهكرێت.
لە یاریگاوە بۆ کارگێڕی: قۆناخێکی نوێی
عەلی تەها تەنها پاڵەوانێکی ناو یاریگا نییە، بەڵکو پیاوێکی ئەکادیمی و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە،له پهروهردهی وهرزشی لە 7ی ئابی 2024، لەلایەن قوباد تاڵەبانی، پۆستی سەرۆکی بۆردی وەرزشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێ سپێردرا.
ئەمڕۆ، عەلی تەها وەک یاریزان ماڵئاوایی دەکات، قۆناخێکی نوێی دەستپێدەکات، ئەو مێژوویەکی لە هەناوی مێژووی وەرزشی گەرمیان و کوردستان و عێراقدا تۆمار کرد، لە کاتێکدا کە هاندەران و وەرزشکاران بە چەپڵە و گوڵ رێز لە کاروانە پڕشنگدارەکەی دەگرن، هەمووان چاویان لەوەیە لە بواری کارگێڕیدا شۆڕشێکی نوێ بەرپا بکات.