
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ توانی ژمارەیەکی گەورەی تێری هێنری تێپەڕێنێت و خۆی بکاتە دووەم گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا.
ئەمشەو لە میانی دووەم گەڕی یارییەکانی پاڵاوتنی کیشوەری ئەوروپا بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی، ئێمباپێ سەرکردایەتی فەڕەنسییەکانی کرد لە بردنەوەیان 2-1 بەسەر ئایسلەندا. کاپتن کیلیان لە خولەکی 45 بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمی کەڵەشێرەکان و یەکسانبوونەوەی یارییەکەی تۆمارکرد.
بەوەش، هێرشبەرە 26 ساڵییەکە کۆی ژمارەی گۆڵەکانی بە درێسی هەڵبژاردەی نیشتیمانییەوە بەرزکردەوە بۆ 52 گۆڵ و بەفەرمی پێش هێنری دایەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێشتر هێنری بە ئەنجامدانی 123 یاریی توانیبووی بگاتە ئەو ژمارە گۆڵەی کە هەیبوو، کەچی کیلیان بە ئەنجامدانی تەنها 87 یاریی ئەوەی تۆمارکرد.
ئێستا ئەوەی لەبەردەم سووپەرستارەکەی ریال مەدرید ماوە لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، تەنها ئۆلیڤیە ژیرۆیە کە 5 گۆڵیان جیاوازە و ناوبراو پێشتر وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاندووە. بەوەش ئێمباپێ دەرفەتێکی زێڕینی هەیە خۆی بکات بە خاوەنی ژمارە مێژووییەکە.
⭐️🇫🇷 Kylian Mbappé surpasses Thierry Henry as second top goalscorer ever in France history.
52 goals. 🎞️ pic.twitter.com/yXPwVQlO0y
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) September 9, 2025