تەواو؛ ئەستێرەیەکی مانچێستەر یونایتد ناچێتە سێریا ئەی
لەم 10 رۆژەدا دوو ئەستێرە مانچێستەر یونایتد جێدەهێڵن

یاریگا –
چوونە دەرەوەی جەیدن سانچۆ لە مانچێستەر یونایتد شکستیهێنا.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان سانچۆ و رۆمای ئیتاڵی، بەڵام تەواوی گفتوگۆکان هەرەسییان هێنا و سانچۆ ناچێتە جیالۆڕۆسی.
هەرچەندە گفتوگۆکان لە ئاستێکی پێشکەوتوودابوون، بەڵام سانچۆ بە بەڕێوەبەری کارەکانی یانەکەی راگەیاند، نایەوێت پەیوەندی بە رۆما بکات و چاوی لە هەڵسەنگاندنی بژاردەکانی دیکەیە.
چەند یانەیەکی دیکە گرنگییان بە سانچۆ داوە و بۆڕووسیا دۆرتموند نیازی گەڕاندنەوەی بۆ سیگنال ئیدونا پاڕک هەیە.
هۆیلوند گواستنەوەی هەمیشەیی دەوێت
راسموس هۆیلوند، هێرشبەری دانیمارکی نایەوێت بە خواستن ئۆڵدترافۆرد جێبهێڵێت.
هۆیلوند و ئەیسی میلان لەیەکتر نزیکن و ئەستێرەی پێشووی ئاتاڵانتا دەیەوێت بە گواستنەوەیەکی هەمیشەیی یانەکەی جێبهێڵێت.
سکای سپۆرتس زانیویەتی، میلان دەیەوێت وەکو قۆناخی یەکەم بەخواستن هۆیلوند بگوازێتەوە و دواتر باس لە گواستنەوەی هەمیشەیی بکەن.
هۆیلوند ناوی لە لیستی یاریزانانی یاریی دوێنێی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر ئارسیناڵ نەبوو.
دوای گواستنەوەی بێنیامین شێشکۆ، هیچ شوێنێک لە پێکهاتەی سەرەکی بۆ هۆیلوند نەماوە، بۆیە هەموو ئاماژەکان بەرەوچوونە دەرەوەن لە یانەکە.