
یاریگا –
گۆنزالۆ گارسیا، هێرشبەری لاوی ریال مەدرید گرەوەکەی ئێندریک بردەوە و متمانەی چابی ئاڵۆنسۆی بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کادینا سێر، چابی ئاڵۆنسۆ بڕیاریداوە بۆ یەدەکی کیلیان ئێمباپێ لەبری ئێندریک پشت بە گۆنزالۆ گارسیا ببەستێت کە ئەو هێرشبەرە لە جامی جیهانی یانەکان ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە.
چابی ئاڵۆنسۆ بڕوای وایە گارسیا سەرجەم تایبەتمەندییەکانی خۆسێلوی تێدایە، لە فشارخستنە سەر یاریزانانی تیمی بەرامبەریش لێهاتووە و دەتوانێت پلانەکانی راهێنەرە ئیسپانییەکە بەباشی جێبەجێبکات.
بۆیە پرۆفیسۆر ئاڵۆنسۆ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی دەتوانێت هاوشێوەی خۆسێلۆی سەردەمی کارلۆ ئانچێلۆتی سود لە تواناکانی گارسیا وەربگرێت و لە وەرزی نوێ بە هەمان شێواز یاریی پێبکات و دەبێتە یاریزانی ژمارە 9ـی مێرێنگی.
⚽ La tormenta perfecta de Gonzalo García y por qué es la gran apuesta de Xabi Alonso para sustituir a Kylian Mbappé https://t.co/7xVW6vOrh4
— Cadena SER (@La_SER) August 7, 2025
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئێندریک سەرەڕای لەدەستدانی پێگەکەی بیر لە جێهێشتنی ریال مەدرید بەشێوەی خواستن ناکاتەوە، دەیەوێت بجەنگێت تاوەکوو متمانەی ئاڵۆنسۆ بەدەستبهێنێتەوە.
ئێندریک دەیەوێت ئیلهام لە گەشتەکەی ڤینیسیۆس جونیۆری هاونیشتیمانی وەربگرێت و بە هەمان رێچکەی ئەو کاروانێکی وەرزشی پڕ دەستکەوت لەگەڵ ریال مەدرید بەڕێبکات.
هاوکات رادیۆ ئیسپانییەکە روونیکردووەتەوە، ئاڵۆنسۆ لە وەرزی نوێ پشت بە دوو هێرشبەر دەبەستێت، رۆدریگۆ، براهیم دیاز، ئاردا گولەر، گۆنزالۆ گارسیا و ئێندریک شەڕ بۆ ئەوە دەکەن لەپاڵ کیلیان ئێمباپێ ببنە هێرشبەری سەرەکی تیپەکە.