شتوتگارت یاریزانێکی ئارسیناڵی دەوێت
ئۆفەرێک لەسەر مێزی یانە لەندەنییەکەیە

یاریگا –
شتوتگارت خەریکن کار لەسەر گۆڕینی گرێبەستەکەی فابیۆ ڤیێرا، یاریزانی ئارسیناڵ دەکەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، شتوتگارت بەفەرمی ئۆفەرێکی بۆ گواستنەوەی هەمیشەیی ڤیێرا پێشکەشی ئارسیناڵ کردووە، بەڵام وەڵامی کۆتاییان وەرنەگرتووە.
وەرزی رابردوو، یاریزانی تەمەن 25 ساڵان بەخواستن یاریی بۆ پۆرتۆی پۆرتوگالی کرد، ئێستاش شتوتگارت چاوی بڕیوەتە یاریزانەکە.
ئارسیناڵ لە هاوینی ساڵی 2022 بەبڕی 40 ملیۆن یۆرۆ ڤیێرای گواستەوە، ئێستاش داوای ئۆفەرێکی دەوروبەری 20 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
تەنیا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی یاریزانی نێودەوڵەتی پۆرتوگالی ژێر 21 ساڵان لە قەڵای ئیمارات ماوە.
ڤیێرا بەرهەمی ئەکادیمیای پۆرتۆیە و لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ ئارسیناڵ، بەشداری 22 یاریی پرێمەرلیگی کرد، بەڵام تەنیا لە سێ یاریدا سەرەکی بوو.
لە ئۆگەست/ئابی ساڵی رابردوودا، ڤیێرا بەخواستن گەڕایەوە پۆرتۆ و لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا بوو. لەگەڵ یانەکەی پلەی سێیەمی خولی پۆرتوگالی بەدەستهێنا.