عێراقگرنگترین

کەیسێکی یاسایی یانەکانی دهۆک و زاخۆ رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ دەکاتەوە

تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونێکی وردی بۆ کەیسی یاسایی عەلی کازم دەکات

Yariga App

یاریگا –

کەیسێکی یاسایی خەریکی تەواوی هاوکێشەکانی گۆڵپارێزی یانەکانی دهۆک و زاخۆ ئاڵۆز دەکات.

عەلی کازم، گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ، یانەی دهۆکی ناچارکردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسێکی یاسایی، پەنا بۆ لیژنەی رێککاری فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ببات.

ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی رێککاری فێدارسیۆنی تۆپی پێی عێراق داوای لە عەلی کازم، گۆڵپارێزی زاخۆ و نوێنەرێکی یانەی دهۆک کردووە، بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسێک، چوارشەممە کاتژمێر 14:00 بەکاتی هەولێر، لە بارەگای سەرەکی فێدراسیۆنەکە لە بەغدا ئامادەبن.

کێشەکە چییە؟

سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیوسیت ناوی ئاشکرابکرێت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند؛ عەلی کازم یانەی دهۆکی تووشی قەیرانی بێ گۆڵپارێزی کردووە؛

لە کۆتاییەکانی مانگی یۆنیۆ/حوزەیرانی رابردوو و پێش یاریی کۆتایی جامی عێراق لە نێوان دهۆک و زاخۆ. محەمەد ساڵح، گۆڵپارێزی پێشووی یانەی دهۆک و ئێستای قوە جەوییە بە دەستەی کارگێڕی دهۆکی راگەیاند، ئەگەر بژاردەیەکی دیکەتان هەیە، دەمەوێت دهۆک جێبهێڵم و پەیوەندی بە قوە جەوییە بکەم.

ئەمە دەستپێکی چیرۆکی نێوان دهۆک و عەلی کازم بوو، چونکە گفتوگۆی چڕمان کرد و عەلی کازم بە هەموو شتێک رازیبوو، تەنانەت واژۆی و پەنجە مۆری لەسەر گرێبەستەکەی لەگەڵ دهۆک کرد، هەربۆیە دەستبەرداری محەمەد ساڵح بووین.

سەرچاوە باڵاکە دووپات لە رێککەوتنی تەواو لەگەڵ عەلی کازم دەکات، بەڵام سەرەڕای ئەمەش عەلی کازم لە کۆتاییدا بڕیاری مانەوەی لە یانەی زاخۆدا و گرێبەستەکەی درێژکردەوە، ئەمەش دهۆکی لە یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزانی ئێستای عێراق بێبەشکرد.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، دهۆک دەیەوێت مافی خۆی لەم کەیسە یاساییە بپارێزێت و بەرپرسێکی باڵای یانەکە دووپاتیدەکاتەوە، یانەی دهۆک ئەم کەیسەی لەگەڵ عەلی کازمە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ یانەی زاخۆ نییە.

زاخۆ چی دەڵێت؟

لە بەدواداچوونێکی ورد و وەرگرتنی سەرچاوەی جیاوازی نێو دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ، بابەتەکە جیاواز باس دەکرێت.

بەرپرسێکی باڵای یانەکە بە تۆڕی وەرزشی یاریگای گوت؛

بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری رێککەوتنی نێوان عەلی کازم و یانەی دهۆک نین.

ئێمە بەم هەواڵە سورپرایز بووین، چونکە بەردەوام لەگەڵ عەلی کازم لە پەیوەندیدابووین و دەمانزانی دهۆک گرنگیپێداوە، بەڵام ئاگاداری واژۆکردنی هیچ گرێبەستێک نین.

کەیسی ئێستای نێوان یانەی دهۆک و عەلی کازم، هیچ پەیوەندی بە یانەی زاخۆوە نییە. چونکە لەڕووی یاساییەوە هەموو شتێکمان لەگەڵ عەلی کازم تەواو کردووە.

کەیسی هاوشێوە

لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، لیژنەی رێککاری فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەهۆی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ دوو یانەی جیاواز، لوئەی عانی بۆ ماوەی یەک وەرز سزادا.

ئەوکاتە یانەی زەوڕا سکاڵایەکی لە دژی یانەی تەڵەبە بەرزکردەوە، دوای ئەوەی عانی گرێبەستی لەگەڵ یانەی تەڵەبە واژۆکرد، بەبێ ئەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ زەوڕا بەسەرچووبێت.

لوئەی عانی بەبڕی 15 ملیۆن دینار سزادرا، هەروەها سێ خاڵ لە وەرزی 2023-24 لە تەڵەبە کەمکرایەوە، هەروەها رێگەنەدرا تەڵەبە هیچ یاریزانێک لە مێرکاتۆی هاوینەی ساڵی 2023 بگوازێتەوە.

عەلی کازمی تەمەن 27 ساڵانەکە هاوینی 2023 لە یانەی نەفتی وەسەتەوە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی زاخۆ کرد، وەرزی رابردوو بە درێسی یانەکەی لە جام و خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 38 یاری 21 کلین شیتی تۆمارکرد و تەنیا 25 گۆڵی لێکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button