
یاریگا –
خووێکی نوێی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکرێت و ترسی ئەفسانەکە لە تێکنۆلۆجیا پیشاندەدات.
سێدریک سۆوارێس، یاریزانی پێشووی پۆرتوگال کە پێشتر لەگەڵ رۆناڵدۆ یارییکردووە، نهێنییەک لەبارەی ژیانی تەندروستی رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات.
رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ، هەرگیز مۆبایل لەگەڵ خۆی ناباتە ژووری خەوتن و ترسێکی زۆری لە تۆڕی 5G هەیە. رۆناڵدۆ زۆر بە ژەمەکانی دایت و کاتی خەوتن پابەندە.
سێدریک 25 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ رۆناڵدۆ لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە، پێشتر رۆناڵدۆ داوای لێکردووە، لە ساتی خەوتن، مۆبایل لەخۆی دووربخاتەوە. سێدریک بەمشێوەیە قسەی بۆ ESPN Brasil کردووە؛
رۆناڵدۆ زۆرجار مۆبایل لەخۆی دووردەخاتەوە، بەتایبەت لە ساتی خەوتندا، مۆبایل لە دەرەوەی ژوورەکە جێدەهێڵێت. جارێکیان پێی گوتم، نابێ زۆر تۆڕی 5G بەکاربهێنێت، چونکە کاریگەری لەسەر خەوتن دروستدەکات.
ئەوەی باسی دەکەم، ماوەیەکی زۆر پێش ئێستایە و تازە باوی 5G بوو. نازانم تاوەکو ئێستاش هەمان خووی هەیە، بەڵام لە کاتی خەوتندا، تۆڕەکانی دەکوژاندەوە.
رۆناڵدۆ بەباشترین شێوە خۆی بۆ وەرزی نوێ لەگەڵ نەسڕ ئامادە دەکات، بەگوێرەی قسەکانی سێدریک بێت، رۆناڵدۆ شەوانە خەریکی ئینستاگرام و پلاتفۆڕمەکانی دیکە نابێت و لە ساتی خۆیدا دەخەوێت.
لە یاریی رابردووی نەسڕ بەرامبەر تۆلوز، رۆناڵدۆ گۆڵێکی کرد و لە یارییەکەی بەرامبەر ئێسترێلا، نەیتوانی هیچ گۆڵێک بکات.