ئارسیناڵ بۆ ریال مەدرید: ئەستێرەکەمان بۆ فرۆشتن نییە
سالیبا دەمێنێتەوە...

یاریگا –
ئارسینال بە هیچ شێوەیەک نایهەوێت دەستبەرداری ویلیام سالیبا، بەرگریکاری یانەکەی ببێت.
سالیبا، بەرگریکاری فەرەنسی ئارسیناڵ یەکێکە لەو یاریزانانەی کە لەگەڵ فەلسەفەی ریال مەدریددا دەگونجێت. ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە چاودێری دەکات و ئارەزوی گواستنەوەی دەکات. ئاستە نایابەکەی لە دوایین قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر هێڵی هێرشبەری ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کرد. تەنانەت هەڵەکەی بەرامبەر ڤینیسیۆس لە یاری گەڕانەوەدا، لە بەهای ئاستە نایابەکەی کەم نەکردەوە.
رۆژنامەی ئاس سەبارەت بە گرنگیدانی ریال بۆ ئەم بەرگریکارە دەڵێت، ئارسیناڵ شانازی بە بوونی سالیبا لە پێکهاتەکەیدا دەکات و بە توندی هەر پێشنیارێکیان بۆ فرۆشتنی سالیبا رەتکردووەتەوە. تەنانەت پێشنیارێکی زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەرگای رۆشتنی ناکاتەوە. ئارسیناڵ و ئارتێتا ئارەزووی گوێگرتن لە گرنگیدانەکەی ریال مەدرید ناکەن. لەکاتێکدا سالیبا دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ گەنەرز ماوە، ئەم بابەتە نەبووەتە هۆی نیگەرانی لەندەنییەکان.
ئارتێتا لە مانگی ئایاردا بە متمانەوە گوتی:
دڵنیام ویلیام (سالیبا) دەمێنێتەوە، چونکە قسەم لەگەڵ کردووە و لێرە زۆر دڵخۆشە، سالیبا بۆ فرۆشتن نییە.
ئارسناڵ لە هاوینی 2023 مووچەی سالیبای بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە، ئێستا یاریزانە فەرەنسییەکە لە هەر وەرزێکدا زیاتر لە 11 ملیۆن یۆرۆ مووچە وەردەگرێت و بەم نزیکانە دانوستانەکان بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکە لە یاریگای ئیمارات دەست پێدەکات.