هاندەرانی دهۆک کەمپەینێکی کۆکردنەوەی پارە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی هاروون ئەحمەد رێکدەخەن
ئۆفەری یانەکانی دیکە بۆ گواستنەوەی هاروون لە دهۆک زۆرترە

یاریگا –
هاندەرانی دهۆک کەمپەینێکی کۆکردنەوەی پارە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەتسی هاروون ئەحمەد رێکدەخەن، چونکە تاوەکو ئێستا ئۆفەری یانەکانی دیکە بۆ گواستنەوەی هاروون لە دهۆک زۆرترە.
بەهۆی ئەوەی نوێکردنەوەی گرێبەستی هاروون ئەحمەد دواکەوتووە و هاندەرانی یانەکە دەترسن ئەو ناوەڕاستکارە بەهۆی ئۆفەرە گرانبەهایەکانی یانەکانی دیکە لە یانەکەیان بڕوات، دەیانەوێت کەمپەینێک رێکبخەن بۆ ئەوەی یارمەتی یانەکەیان بدەن، بتوانێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، دهۆک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی هاروون ئەحمەد، ئۆفەرێکی بە بەهای 550 ملیۆن دینار پێشکەش کردووە، بەڵام زاخۆش هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی چڕکردووەتەوە و ئۆفەرێکی بە بەهای 850 ملیۆن دینار خستووەتە بەردەستی، یانەی شوڕتەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراقیش ئۆفەرێکی بە بەهای 900 ملیۆن دینار پێشکەش بە ئەستێرەکەی هەڵۆکانی چیا کردووە، هەر بەگوێرەی زانیارییەکانمان، لە دەرەوەی عێراق، یانەی قادسیەی کوێتی بۆ گواستنەوەی هاروون ئەحمەد لەسەر هێڵە و ئۆفەرێکی بە بەهای زیاتر لە 800 ملیۆن دینار پێشکەش کردووە.
دەیان هاندەری دهۆک پێشنیازیان کردووە کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی داهات رێکبخەن بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی هاروون ئەحمەد کۆبکەنەوە، کە ئەو ناوەڕاستکارە گرێبەستەکەی لەگەڵ دهۆک کۆتایی هاتووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی دیار نییە.
ناوەڕاستکارە 31 ساڵانەکە کە رۆژی پێنجشەممە رۆژی لەدایکبوونی بوو، هاوینی 2024 لە دالکوردەوە گەڕایەوە ریزەکانی دهۆک، پێشتر ساڵی 2020 لە ریزی یانەی زاخۆش یاریی کردووە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو کوڕە زێبارییە 400 هەزار یۆرۆیە و وەرزی رابردوو نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو و جامی عێراقی لەگەڵ هەڵۆیەکانی چیا بەدەستهێنا، بە باشترین یاریزانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەستنیشانکرا.