بارسێلۆنا گرێبەستی ئەستێرەیەکی نوێدەکاتەوە
تەنیا پڕۆسەیەکی یاسایی ماوە

یاریگا –
بارسێلۆنا تەواوی هەوڵەکانی بۆ هێشتنەوەی فرێنکی دی یۆنگ چڕکردووەتەوە.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا لە نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ زۆر نزیکبووەتەوە و تەنیا چاوەڕێی بەسەرچوونی گرێبەستی نێوان دی یۆنگ و عەلی دورسوون، بەڕێوەبەری کارەکانییەتی.
سەرەڕای دواکەوتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ، بەڵام بارسا و یاریزانە هۆڵەندییەکە تەواو ئارامن و پەلەیان نییە، چونکە رێککەوتن لەسەر تەواوی خاڵەکانی نوێکردنەوەی گرێبەست کراوە.
دی یۆنگ بەردوام حەزی مانەوەی لە بارسێلۆنا راگەیاندووە، هەرچەندە بەهۆی مەترسییەکانی تۆمارکردنی ناو و سنووردارکردنی مووچەی یاریزانان، ترسی جیابوونەوەیان هەبووە، بەڵام لەسەر داوای هانزی فلیک، هەموو هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی دی یۆنگ درا.
گرێبەستی ئێستای دی یۆنگ لە هاوینی داهاتوو لەگەڵ بارسێلۆنا بەسەردەچێت و رێککەوتنی سەرەتایی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کراوە. دی یۆنگ لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد و لە ساڵی 2024 گرێبەستەکەی نوێکردەوە.
لە هاوینی ساڵی 2022، دی یۆنگ ئۆفەرێکی گەورەی مانچێستەر یونایتدی رەتکردەوە و مانەوەی لە بارسێلۆنا دووپاتکردەوە، ئەمەش دی یۆنگ لای هاندەرانی بارسا خۆشەویست کرد.