دوایین پەرەسەندن؛ هەڵوێستی دیاز لەگەڵ لیڤەرپوول ئاشکرا دەکرێت
تۆڕی ESPN باس لە بژاردەکان دەکات

یاریگا –
لویس دیاز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی لە جێهێشتنی لیڤەرپوول سوورە.
تۆڕی ESPN بڵاویکردووەتەوە، بایرن میونشن ئامادەیە ئۆفەرێکی نوێ پێشکەشی لیڤەرپوول بکات و بە دەستبەرداربوون لە تواناکانی دیاز رازیبکات.
لیڤەرپوول ئۆفەرێکی فەرمی میونشنی بە 67.5 ملیۆن یۆرۆ رەتکردووەتەوە، سەرچاوەیەک بە ESPNی راگەیاندووە، میونشن ئامادەیە ئۆفەرێکی نوێ بەبڕی 70 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ پاداشت پێشکەشی لیڤەرپوول بکات.
دیاز یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی لیڤەرپوول و وەرزی رابردوو 17 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کرد. دیاز یارمەتی تیمەکەیدا ببێتە پاڵەوانی پرێمەرلیگ.
لیڤەرپوول بەفەرمی روونیکردووەتەوە، دیاز بۆ فرۆشتن نییە، بەڵام ئەگەر یاریزانەکە لە جێهێشتنی یانەکە سووربێت، ئەوا هاوکێشەکە دەگۆڕێت.
بارسێلۆنا زۆر هەوڵی گواستنەوەی دیازیدا، تەنانەت بارسا ئۆفەرێکی بەبڕی 65 ملیۆن پاوەند پێشکەشی لیڤەرپوول کرد، بەڵام دەستبەجێ رەتیکردەوە، ئەمەش وایکرد، یانە کاتالوونییەکە بیر لە بژاردەی دیکە بکاتەوە.
هێشتا زیاتر لە مانگێک بۆ داخستنی بازاڕی گواستنەوەکان ماوە و لیڤەرپوول ئامادەنییە دەستبەرداری ئەستێرەکەی ببێت و ئامادەش نییە لە کاتی ناچاربووندا، بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری ببێت.
هێشتا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی دیاز لە لیڤەرپوول ماوە، پێشتریش لیڤەرپوول گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.