ریال مەدرید بۆ لیڤەرپوول: بە 25 ملیۆن یۆرۆ کۆناتێم پێبفرۆشە ئەگینا بەخۆڕایی دەیبەم
ریال مەدرید پلانێکی تایبەتی بۆ گواستنەوەی کۆناتێ داناوە

یاریگا –
ریال مەدرید پلانێکی تایبەتی بۆ گواستنەوەی کۆناتێ داناوە و دەیەوێت لیڤەرپوول ناچار بکات بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری ئەو بەرگریکارە بێت.
رۆژنامەی ئاس ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید بەنیازە پلانێکی تایبەت بۆ گواستنەوەی ئیبراهیما کۆناتێ بەکار بهێنێت، دەیەوێت بە هەموو رێگایەک فشار لەسەر لیڤەرپوول زیاد بکات بۆ ئەوەی ناچاری بکات دەستبەرداری بەرگریکارە فەڕەنسییەکەی بێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید دەیەوێت هاوینی 2026 کۆناتێ بگوازێتەوە، بەڵام لیڤەرپوول دەیەوێت ئەم هاوینە بە 50 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بەرگریکارەکەی بێت، نەوەک هاوینی داهاتوو بەخۆڕایی کۆناتێی لەدەست بچێت.
لەبەر ئەوەی ریال مەدرید دڵنیایە لەوەی کۆناتێ ئارەزوو دەکات بچێتە ریزەکانی لۆس بلانکۆس و درێسی یانەکە بپۆشێت، ئەو یانە مەدریدییە بە لیڤەرپوولی راگەیاندووە، ئامادەیە بەرامبەر 20 بۆ 25 ملیۆن یۆرۆ لەم هاوینە کۆناتێ بگوازێتەوە ریزەکانی.
کۆناتێ کە هاوینی 2021 بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ لە لایزپیگەوە روویکردە ریزەکانی رێدز و ئێستا بەهایەکەی لە بۆرسەی یاریزانان 60 ملیۆن یۆرۆیە، دەیەوێت هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد رووبکاتە ریزەکانی ریال مەدرید، بەڵام لیڤەرپوول بڕیاریداوە لەم هاوینە دەستبەرداری بێت، بۆ ئەوەی ناچار نەبێت بەخۆڕایی لەدەستی بچێت.
کۆناتێ لەگەڵ لیڤەرپوول لە 132 یاری 5 گۆڵ و 4 ئەسیستی کردووە و پێنج نازناویشی بۆ رێدز بەدەستهێناوە.