ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیالی یانەکان

فێدراسیۆنی یاریزانانی پیشەگەر هێرشێکی توند دەکاتە سەر ئینفانتینۆ

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا کەمتر لە ساڵێک ماوە بۆ مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک، فیفا بە سەرۆکایەتی جیانی ئینفانتینۆ رووبەڕووی رەخنە و هۆشدارییەکی توند بوویەوە.

ئەمەریکا لە 15ی حوزەیران تا 13ی تەمموز میوانداری جامی جیهانی یانەکانی 2025 کرد، بەڵام پاڵەوانێتییەکە رەخنەی توندی لێ گیراوە، تەنانەت تاوەکوو یاریی کۆتایی لەنێوان پاریس سانجێرمان و چێڵسی رەخنەکان بەردەوام بوون.

زۆرێک لە یارییەکان بەهۆی رەشەبا لە دەوروبەری یاریگاکان وەستێندران و گۆڕانکاری لە کاتی بەڕێوە چوونی یارییەکان کرا و لە میانەی یارییشدا یاریزانەکان ناچار بوون پشوو بدەن بۆ نوێ کردنەوەی هەناسە و شلەمەنی بخۆنەوە بۆ ئەوەی بەرگەی گەرما بگەن.

ئەو کێشانە وایکرد فیدراسیۆنی جیهانی یاریزانان (FIFPRO) هێرشێکی توند بکاتە سەر ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا و رەخنەی لە “مەرجە سەختەکان” گرت بۆ مۆندیالی یانەکانی 2025 کە نزیکەی مانگێکە بەردەوامە.

بە گوێڕەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ESPN، فیدراسیۆنی جیهانی یاریزانان راگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و راستەوخۆ رەخنەی لە ئینفانتینۆ گرت، بەتایبەتی دوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی کە دەڵێت “مۆندیالی یانەکان سەرکەوتووترین پاڵەوانێتی یانەکانە لە مێژوودا” و داهاتی زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

ئەوەی وەک سەرکەوتنی جیهانی تۆپی پێ خراوەتەڕوو، لە خەیاڵێکی فیفا زیاتر نەبووە، کە لەلایەن سەرۆکی فیفا دروستکراوە و جێبەجێی کردووە بەبێ ئەوەی هیچ گفتوگۆ و رێزێک لەو کەسانە بگرن کە رۆژانە کار بۆ ئەو وەرزشە دەکەن. پاڵەوانێتییەکە لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و لە گەرمایەکی زۆردا بەڕێوەچوو، ئەمەش تەندروستی جەستەیی یاریزانانی خستە مەترسییەوە. ئەم دۆخە نەک هەر پێویستە ئیدانە بکرێت، بەڵکو پێویستە توندترین هۆشداری لەبارەیەوە بدرێت. نابێت لە مۆندیالی ساڵی داهاتوودا لە هیچ بارودۆخێکدا ئەو جۆرە مەرجانە دووبارە بکرێنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک یاریزان کە ئامادەی مۆندیالی یانەکان بوون بەهەمان شێوە هۆشدارییان دا لە بارودۆخە مەترسیدارەکان، جەختیان لەسەر سەختی یارییەکان و چڕیی رکابەرییەکان کردەوە. سێ رۆژ جارێک یارییەک دوای وەرزێکی سەختی ناوخۆیی و کیشوەری.

بابەتی زیاتر

Back to top button