ئینگلتەراگرنگترین

کاردانەوەکان؛ جیهان بە گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا شۆک بووە

رووماڵی فراوانی تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ گیان لەدەستدانی ئەستێرەی لاوی پۆرتوگال

Yariga App

یاریگا –

دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی پۆرتوگال و لیڤەرپوول ئینگلیزی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەگەڵ ئاندرێی برای، گیانی لەدەستدا.

شارەوانی پالاسیۆس دی سانابریا بڵاویکردووەتەوە، جۆتای تەمەن 28 ساڵ و ئاندرێی برای، 26 ساڵ لە رووداوێکی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و بەهۆی چڕی ئاگرەکە، کەس نەیتوانیوە هەوڵی رزگارکردنیان بدات.

تۆڕی وەرزشی یاریگا لەم بابەتەدا، رووماڵی کاردانەوەکانی گیان لەدەستدانی جۆتا و براکەی دەکات.

ریال مەدرید

ریال مەدرید بە سەرۆک و ئەنجوومەنی کارگێڕی خەمی قووڵی خۆیان بۆ گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا، یاریزانی لیڤەرپوول و ئاندرێ سیلڤا، یاریزانی پێنافێل دەردەبڕن.

ریال مەدرید سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکار، ئازیزان، هاوڕێ و یانەکانیان دەردەبڕێت.

ریال مەدرید هاوبەشی خەمی هەموو هاندەرانی تۆپی پێیە.

رۆحی شادبێت

بارسێلۆنا

بارسێلۆنا بەدڵسۆزییەوە سەرەخۆشی بەبۆنەی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا، یاریزانی لیڤەرپوول و ئاندرێ سیلڤا، برای یاریزانەکە دەکات.

رۆحتان شادبێت

پاریس سانجێرمان

پاریس سانجێرمان بە بیستنی هەواڵی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێی برای خەمبارە.

سانجێرمان سەرەخۆشی لە خێزان، خۆشەویستان، لیڤەرپوول هەڵبژاردەی نیشتمانی پۆرتوگال دەکات. لەم ساتە تراژیدیەدا هزرمان لای ئەوانە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ

شتێکی نالۆژیکییە، هەر ئەم ماوەیە لە هەڵبژاردەی نیشتمانی بەیەکەوە بووین، هەر ئێستا هاوسەرگیریت کردووە. سەرەخۆشی ئاڕاستەی خێزان، هاوژین و منداڵەکانت دەکەم. هیوای بەهێزییان بۆ دەخوازم.

دەزانم بەردەوام لەگەڵ ئەواندا دەبیت. خودا لە دیۆگۆ و ئاندرێ خۆشبێت. زۆر بیرتان دەکەین.

یانەی لیڤەرپوول

ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە دیۆگۆ جۆتا 28 ساڵان بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لە ئیسپانیا لەگەڵ ئاندرێی برای گیانی لەدەست داوە.

لیڤەرپوول لەم کاتەدا هیچ لێدوانێکی زیاتر نادات و داوای ئەوە دەکات کە ڕێز لە تایبەتمەندی خێزان و هاوڕێ و هاوڕێکانی و ستافی یانەکەی دیۆگۆ و ئەندرێ بگیرێتکە ئێستا هەوڵدەدەن خۆیان لەگەڵ ئەو لەدەستدانە رابهێنن کە ناتوانرێت وێنا بکرێت.

بە تەواوی پشتیوانیمان بۆیان بەردەوام دەبین.

لە مانچێستەر سیتی هەمووان بەهۆی هەواڵی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا خەمبار و شۆکن.

ئێمە لەم ساتەوەختە قورسەدا، پرسە و هاوخەمی خۆمان بۆ خێزان و هاوڕێیەکانی لە یانەی لیڤەرپوول دەنێرین.

یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال

یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال سەرەخۆشی لە جیهانی تۆپی پێ و تۆپی پێی پۆرتوگال دەکات. بە دڵێکی خەمگینەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێی برامان پێگەیشت.

دیۆگۆ جۆتا جیا لەوەی یاریزانێکی ناوازە بووە، نزیکەی 50 یاریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی نیشتامنی کردووە، خاوەنی کەسایەتییەکی نائاسایی بوو. هەمووان رێزیان دەگرت، تەنانەت رکابەرەکانیش رێزی دیۆگۆیان دەگرت.

سەرەخۆشی لە خۆمان و ماڵبات و دۆستانی جۆتا و ئاندرێ دەکەین. سەرەخۆشی لە لیڤەرپوول و پێنافێل دەکەین، چونکە هەردووکیان یارییان بۆ ئەو دوو یانەیە دەکرد.

بە فەرمی داوامان لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا کردووە، بەر لە یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی خانمانی پۆرتوگال و ئیسپانیا، خوولەکێک بۆ گیانی جۆتا بوەستن.

لەدەستدانی جۆتا و ئاندرێ قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام هەموو هەوڵێک بۆ بەرز راگرتنی میراتەکەیان دەدەین


یانەی ناپۆلی

ئۆرێلیۆ دی لاورێنتیس، سەرۆک و ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەر، ستافی هونەری و تەواوی یانەکە، بە خەم و سۆزێکی قووڵیان بۆ گیان لەدەستدانی جۆتا دەردەبڕن. سەرەخۆشی لە خێزان و سەرجەم یاریزانانی لیڤەرپوول دەکەین.

 

یانەی پۆرتۆ

یانەی پۆرتۆ بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، سەرەخۆشی ئاڕاستەی ماڵبات و هاوڕێکانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای دەکەین، کە ئەویش بە هەمان شێوە یاریزانی تیمی لاوانی ئێمە بووە.


یانەی سپۆڕتینگ لیسبۆن

ئێستا تۆپی پێ هەژارترە. یانەی سپۆڕتینگ لیسبۆن خەمێکی قووڵ بۆ گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای دەردەبرێت. لەم ساتە سەختەدا سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی تەواوی ئەندامانی ماڵباتەکەی دەکەین.

 

روبن نێڤێش، ئەستێرەی پۆرتوگالی و هاوڕێی نزیکی جۆتا

دەڵێن تەنیا ئەوکاتە کەسێک لەدەستدەدەین کە لەیادی دەکەین، من هەرگیز لەیادت ناکەم.

بابەتی زیاتر

Back to top button