راشفۆرد ئەمجارەیان لە بۆندزلیگا داواکراوە

مارکوس راشفۆرد بووەتە جێگەی سەرنجی بایەرن میونشنی ئەڵمانی.
دوێنێ یانەی ئەستۆن ڤیلا رایگەیاند لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی هەوڵ بۆ گواستنەوەی هەمیشەیی راشفۆرد نادەن و دەگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد. ئەوەش یەکلابووەتەوە ئەو یاریزانە لە پلانەکانی روبن ئامۆریم دا نیەو دەبێت یانەیەکی تازە بدۆزێتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، دوابەدوای لەدەستدانی ڤیرتز لە بەرژەوەندی لیڤەرپوول، بایەرن دەیەوێت راشفۆرد بگوازێتەوە ریزەکانی.
ئەستێرە ئینگلیزییەکە نرخی بە 40 ملیۆن پاوەند خەمڵێندراوە سەرەڕای ئەوەی پارساڵ لەگەڵ ئەستۆن ڤیلا لە 27 یاریدا تەنها چوار گۆڵی تۆمارکرد.
رۆژنامەی سەنی بەریتانی باسی لەوەش کردووە، جگە لە بایەرن هاوکات بارسێلۆنای ئیسپانیش هێشتا لە گەمەی بەدەستهێنانی هێرشبەرە 27 ساڵەکەیەدا.
خودی یاریزانەکە بەدوای یانەیەک دەگەڕێت کە دەرفەتی یاریکردنی بەردەوامی هەبێت بۆ ئەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بکرێت بۆ جامی جیهانی ساڵی داهاتوو.