درامایە درێژخایەنەکەی ئەم هاوینەی رۆدریگۆ؛ لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە یان دەڕوات؟
ئارسیناڵ چاودێری دۆخی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە دەکات

یاریگا –
گەرچی دۆخی رۆدریگۆ تاڕاددەیەک لە ریال مەدرید گۆڕاوە، بەڵام هێشتا ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە گەرەنتی پێنەدراوە و لەبارەی داهاتووی خۆی لە یانە ئیسپانییەکە دڵنیا نییە.
تۆڕی وەرزشی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، رۆدریگۆ چەند ئۆفەرێکی لە یانەکانی پرێمەرلیگ پێگەیشتووە بەڵام باوکی رۆدریگۆ سەرجەمیانی رەتکردووەتەوە، لەکاتێکدا هێشتا هێرشبەرە بەڕازیلییەکە لە یانە مەدریدییەکە ئاسوودە نییە، باوکی رۆدریگۆ هێشتا بە دوودڵییەوە سەیری دۆخی کوڕەکەی دەکات.
Rodrygo played no role in Real Madrid’s Club World Cup win against Pachuca at the weekend.
His situation and future is the subject of speculation — as it has been since the end of Madrid’s domestic season.@MarioCortegana explains what we’re hearing about the Brazilian.
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) June 24, 2025
ئاتلێتیک ئاشکرایکردووە، دوای دەستبەکاربوونی چابی ئاڵۆنسۆ و گەڕانەوەی رۆدریگۆ بۆ راهێنانەکان، هەست دەکرێت هەڵسوکەتی رۆدریگۆ گۆڕاوە و ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە بەراورد بە پێشتر ئارامترە، کە لە مانگەکانی ئەمدواییە باوکی رۆدریگۆ چەند جارێک گلەیی لە دەرفەتی یاریکردنی کوڕەکەی دەکرد، بەڵام هەست دەکرێت ئاڵۆنسۆ زیاتر گرنگی بە رۆدریگۆ دەدات.
ماریۆ کۆرتیگانا رۆژنامەنووسی ئیسپانی لە ئاتلێتیک رایگەیاندووە، ئارسیناڵ هێشتا چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی رۆدریگۆ دەکات بۆ ئەوەی یەکلایی بێتەوە لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە یان دەڕوات، یانە لەندەنییەکە هێشتا چاوەڕێ دەکات بزانێت ریال مەدرید بڕیاری فرۆشتنی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە دەدات یان نا.
ئاتلێتیک ئاشکرایکردووە، ئەوەی لە دەوروبەری رۆدریگۆ روودەدات هیچ شتێکی گەرەنتیکراو نییە، بۆیە تاوەکو کۆتایی ئەم هاوینە درامای مانەوە یان رۆیشتنی رۆدریگۆ بەردەوام دەبێت، کە ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە لە دوایین یاریی ریال مەدرید بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی لەسەر کورسی یەدەک بوو، تەنانەت خۆیشی گەرم نەکردەوە، بەڵام لە یاریی یەکەمی یانەکەی لە مۆندیالی یانەکان بەرامبەر هیلال سەرەکی بوو.
پێشتر رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی ئاشکرایکردبوو، ریال مەدرید نرخی فرۆشتنی رۆدریگۆی دەستنیشان کردووە و ئامادەیە بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە بێت.