کازۆرلا بەڵێنەکەی بردەسەر؛ بەبێ مووچە و گرێبەست ریال ئۆڤیێدۆی گەڕاندەوە لالیگا
کازۆرلا یانەی منداڵی خۆی گەڕانەوە ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیسپانیا

یاریگا –
سانتی کازۆرلا خەونەکەی هێنایەدی، دوای ئەوەی بێبەرامبەر گرێبەستی لەگەڵ ریال ئۆڤیێدۆی ئیسپانی واژۆ کرد، ئەو یانەیەی منداڵی خۆی گەڕاندەوە لالیگا، دوای 24 ساڵ جارێکی دیکە یانەکە گەیشتەوە ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیسپانیا.
لە قۆناخی پاشکۆی سەرکەوتن بۆ لالیگا، لە یاریی گەڕانەوە ریال ئۆڤیێدۆ بە سەرکردایەتی سانتی کازۆرلا 3-1 لە میراندێسی بردەوە و ریمۆنتادای بەسەر رکابەرەکەیدا کرد لەکاتێکدا لە یاریی چوون کازۆرلا و هاوڕێیەکانی 1-0 دۆڕابوون، ریال ئۆڤیێدۆ لەوەتەی وەرزی 2000/2001 بۆیەکەمجار دەگەڕێتەوە لالیگا و دوای 24 ساڵ جارێکی دیکە لە ریزی یانە پلە یەکەکان یاریی دەکاتەوە.
کازۆرلای وەفادار، دوای دوو ساڵ بەڵێنەکەی هێنایەدی
سانتی کازۆرلا (40 ساڵان) هاوینی 2023 لە هەڵوێستێکی کەموێنە و وەفادارانەدا گرێبەستی لەگەڵ ریال ئۆڤیێدۆی ئیسپانی واژۆکرد و بڕیاریدا بێبەرامبەر یاریی بۆ ئەو یانەیە بکات، کە ساڵانی 1996 تاوەکو 2003 لە ریزی تیپی لاوانی ئەو یانەیە یاریی کردووە، هاوینی 2023 دوای ئەویە گرێبەستە یەک ساڵانەکەی تەواو بوو، گرێبەستەکەی بۆ ئەم وەرزەش نوێکردەوە و تاوەکو هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە.
♾️🧙🏻♂️💙
“𝑁𝑜 𝑑𝑖𝑟𝑒́ 𝑛𝑜 𝑙𝑙𝑜𝑟𝑒́𝑖𝑠, 𝑝𝑢𝑒𝑠 𝑛𝑜 𝑡𝑜𝑑𝑎𝑠 𝑙𝑎𝑠 𝑙𝑎́𝑔𝑟𝑖𝑚𝑎𝑠 𝑠𝑜𝑛 𝑎𝑚𝑎𝑟𝑔𝑎𝑠”#OviedoSiempreDePrimera#HoyEsReal#RealOviedo 🔵⚪️ pic.twitter.com/yu3Z3ZYuN2
— Real Oviedo (@RealOviedo) June 21, 2025
کازۆرلا پێش ئەوەی ساڵی 2003 بچێتە ریزی یانەی ڤیاڕیال و لە تیپی لاوانی ژێردەریا زەردەکان یاریی بکات، بۆ ماوەی حەفت ساڵ لە یانەی ریال ئۆڤیێدۆ یاریی کردووە، کە لە کاروانی وەرزشی خۆیدا درێسی هەریەکە لە یانەکانی ڤیاڕیال، ریکریاتیڤۆ هوێلڤا، مالەگە، ئارسیناڵ و سەدی قەتەڕی یاریی کردووە، بە درێسی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش خاوەنی 81 یاریی نێودەوڵەتی و 15 گۆڵە.
کازۆرلا کاتێک گرێبەستی لەگەڵ ریال ئۆڤیێدۆ واژۆ کرد، بڕیاریدا بێبەرامبەر یاریی بۆ ئەو یانەیە بکات، بەڵام لە رووی یاساییەوە رێگای پێنەدرا، بۆیە بڕیاریدا کەمترین مووچە لە یانەکە وەربگرێت، کازۆرلا مووچەی ساڵانەی تەنیا 91 هەزار یۆرۆیە و لەسەر ئاتسی سەرجەم یاریزانانی خولی پلە دووی ئیسپانیا خاوەنی کەمترین مووچەیە.
کازۆرلا دەڵێت :’من داوامکرد بێبەرامبەر یاریی بۆ یانەکە بکەم، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و یاسا رێگای نەدەدا، بە بەڕێوەبەری کارەکانم گوت من پارەم ناوێت، ٪10ـی پارەی فرۆشتنی درێسەکانیشم با بۆ ئەکادیمیای یانەکە بێت، هەر ئەو شەوە گرێبەستەکەم واژۆکرد’.
کازۆرلا دەیان هەزار کەسی رژاندە ناو یاریگا
لە قۆناخی پاشکۆ لەوکاتەی لە یاریی چوون 1-0 دۆڕابوون، کازۆرلا و هاوڕێیەکانی لە یاریی گەڕانەوە 3-1 لە میراندێسیان بردەوە، کە کازۆرلا لە خولەکی 39 بە لێدانی سزا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئۆڤیێدۆ کرد، لەکاتێکدا لە خولەکی 16 میراندێس بە گۆڵێک پێشکەوتبوو.
دوای ئەوەی لە نیوەی دووەم ئۆڤیێدۆ گۆڵی دووەمی کرد، یارییەکە چووە دوو نیوەی زیادکراو، ئۆڤیێدۆ ئەنجامەکەی بۆ 3-1 گۆڕی و یانەکە بلیتێکی گەڕانەوەی بۆ لالیگا بەدەستهێنا، بۆیە دەیان هەزار هاندەری یانەکە رژانە ناو یاریگا و بەیەکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.
ریال ئۆڤییدۆ ساڵی 1926 دامەزراوە و پێشتر 39 وەرز بە پچڕپچر لە ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیسپانیا بەشداریی کردووە، بەڵام لەوەتەی وەرزی 2000/2001 لە ریزی یانە پلە یەکەکان دابڕابوو.