
یاریگا –
یاریزانان 5%ـی تێچووی گواستنەوەکەیان بۆ خۆیان دەپارێزن و مەرجەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستیش دەردەکەون.
فیفا شەوی رابردوو، نزیک لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا، ئەو دەستکارییانەی راگەیاند کە دەستبەجێ لە رێساکانی گواستنەوەدا دەکرێن. ئەم گۆڕانکارییانە دوای دوو ساڵ لە دانوستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا (خولەکان، سەندیکاکان، هتد) دێن وەکوو دەرەنجامێکی ئەو ململانێیەی کە لاس دیارای تێوەگلا دوای هەڵوەشاندنەوەی یەک لایەنەی گرێبەستەکەی لەگەڵ لۆکۆمۆتیڤ لە ساڵی 2014.
دەستکارییەکان لە 1ـی کانوونی دووەمی 2027 دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. بۆیە بازاڕی گواستنەوە کە لە 1ـی تەممووزدا دەستپێدەکات لەژێر رێساکانی ئێستا بەردەوام دەبێت. دوو کۆڵەکەی بنەڕەتیش هەن. لەمەودوا یاریزانان بە رێژەی 5% لە تێچووی گواستنەوەکەیاندا پشکدار دەبن.
ئەو یاریزانانەی کە کەمتر لە 150 هەزار یۆرۆ بەدەست دەهێنن بە شێوەیەکی ناچاری 5%ـی قەرەبووی جێگیری گواستنەوەکە وەردەگرن کە هاوتایە لەگەڵ بەهای ماوەی گرێبەستەکەیان.

هەڵوەشاندنەوەی یەک لایەنەی گرێبەست
رێساکە هاوكات شێوازێکی روون دادەنێت بۆ هەژمارکردنی قەرەبووی پێشێلکردنی گرێبەست. لە بنەڕەتدا، دەرەنجام بۆ یانەکان و یاریزانان وەکوو یەکن. ئەو لایەنەی کە بەهۆی پێشێلکردنی گرێبەستەکەوە زیانی بەرکەوتووە مافی قەرەبووکردنەوەی تەواوی هەیە. جگە لەوەش، پێوەر هەم بۆ یاریزانان و هەم یانەکان دیاری دەکرێت بۆ دیاریکردنی بڕی قەرەبووەکە، بە رەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی هەر کەیسێک و واقیعی دارایی سیستمی گواستنەوە.
وەکوو بنەمایەک، هەمیشە بە لانی کەمەوە بڕێک بە یاریزانێک و یانەیەک دەبەخشرێت کە هاوتایە لەگەڵ بەهای ماوەی ئەو گرێبەستەی کە پێشێلکراوە. تەنیا لە بارودۆخی نائاساییدا دەکرێت بڕی قەرەبووەکە لە بەهای ماوەی گرێبەستەکە کەمتر بێت. ئەگەر یاریزانێک لە ماوەی 45 رۆژدا لە پێشێلکردنی گرێبەستەکەی، گرێبەستێکی نوێ واژۆ بکات، وا دادەنرێت کە یانە نوێیەکە هانی یاریزانەکەی داوە بۆ شکاندنی رێککەوتنەکە. ئەگەر پێویست کات کەیسەکە لەلایەن دادگای ناکۆکییەکانەوە یەکلا بکرێتەوە، هەر دواکەوتنێک لە پارەداندا بە شێوەیەکی خودکارانە سوودی 8%ـی دەکەوێتە سەر.

ناساندنی مەرجەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست
جگە لەوەش، فیفا هاوكات سەیری مۆدێلی ئیسپانی دەکات سەبارەت بە دەرکەوتنی مەرجەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست. هەردوو لایەن ناچار دەبن قبووڵی بکەن کە گرێبەستەکان بڕێک پارە لەخۆبگرن کە پابەندبوونی نێوان هەردوو لایەنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، وەکوو ئەوەی لە ئیسپانیاندا هەیە.
گۆڕانکارییەکی گەورەی دیکە ئەوەیە کە گرێبەستەکان لەگەڵ ئەو یاریزانانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە ئێستا دەتوانرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ بێت لەبری سێ ساڵ. ئەمەش بە مەرجێکە کە یاریزانەکە لەلایەن یانەکەوە پێگەیێندرابێت و هاوكات مەرجە تایبەتی شایستە داراییەکان بەدی بهێنێت. یانەکان تەنیا رێگەیان پێدەدرێت کە ژمارەیەکی سنووردار لەم گرێبەستانەی لە هەر وەرزێکدا هەبێت.
جگە لەوەش، سەکۆیەکی گفتوگۆ لەنێوان فیفا، فیفپرۆ، کۆمەڵەی خولەکانی جیهان (WLA) و کۆمەڵەی یانەکانی ئەورووپا (ECA) دروست دەکرێت. لەژێر ئەم پرۆسە نوێیەدا، وەکوو بنەمایەکی گشتی، بڕیارەکان، راسپاردەکان و رێککەوتنەکان دەبێت بە کۆدەنگی پەسەند بکرێن، کە وەکوو رێککەوتنی کۆدەنگی هاوبەشە کۆمەڵایەتییەکان و فیفا دەبینرێت. لەنێو ئەم چوارچێوەیەدا بابەتگەلی زۆر گرنگ هەن وەکوو پشووەکان، ماوەکانی پشووی یاریزانان و ئەو ماوانەی کە تێیدا یاریزانان پەیوەندی بە پێشبڕکێکانەوە دەکەن.
لە راستییدا، ئەو رێوشوێنانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی فشاری کارکردنی یاریزانان لە رێگەی رێککەوتنێکی نێوان فیفا و فیفپرۆوە پەسەند دەکرێن. سەندیکاکە پابەند دەبێت بە رێزگرتن لە رۆژژمێری تیمە نێودەوڵەتییەکان. جگە لەوەش، سندوقی فیفا بۆ یارمەتیدانی ئەو یاریزانانەی کە پارە قەرزارن بە 20 ملیۆن دۆلار دیاری کراوە بۆ ماوەی نێوان 2026 و 2029.



