تەواو؛ چێڵسی گرێبەستێکی دیکەی یەکلاییکردەوە
هەموو شتێک کۆتایی هاتووە..

یاریگا –
لەکۆتاییدا چێڵسی گرێبەستی مایک ماینان، گۆڵپارێزی ئەیسی میلانی یەکلاییکردەوە.
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، پاش ململانێیەکی زۆر میلان خۆی بەدەستەوەداوە و بەدوایین ئۆفەری چێڵسی رازیبووە کە بڕەکەی 18 ملیۆن یۆرۆیە بە پاداشتەکانەوە. یانە ئیتاڵییەکە داوای 25 ملیۆنی دەکرد، بەڵام چێڵسی ئامادە نەبوو لە 18 ملیۆن زیاتر بدات و لەسەر ئەو بڕە رێککەوتن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیتاڵییەکە، گۆڵپارێزە فەڕەنسییەکە فشارێکی زۆری لە یانەکەی کردووە تاوەکو بە ئۆفەرەکەی چێڵسی رازیبن، چونکە بۆ یاریکردن لە پرێمەرلیگ بەپەرۆشە و دەیەوێت ئەزمونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.
لە چەند مانگی رابردوو میلان و مانیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە تاوەکو هاوینی 2029 بە مووچەی ساڵانەی 5 ملیۆن رێککەوتبوون، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی گۆڵپارێزەکە، میلان لە نوێکردنەوەکە پاشەکشەی کرد.
بەڵام پاش ئەوەی ماسیمیلیانۆ ئالێگری وەک راهێنەری نوێی ئەیسی میلان دەستنیشانکرا هەوڵیدا ماینان بهێڵێتەوە، بەڵام گۆڵپارێزە 29 ساڵانییەکە لە هەڵسوکەوتەکەی میلان نیگەرانبوو، بەو هۆیە بیرۆکەی جێهێشتنی یانەکەی نەگۆڕی.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سبەی سێشەممە کاتژمێر 8ـی شەو بەکاتی ئیتاڵیا، چێڵسی رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ میلان دەکات و دەیەوێت بەفەرمی گواستنەوەی مایک ماینان بۆ ماوەی دوو وەرز رابگەیەنێت.
گۆڵپارێزە فەڕەنسییەکە لە هاوینی 2021 لە لیلی فەڕەنسییەوە بەبڕی 16.40 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ئەیسی میلان کرد.
ماینان بەدرێسی میلان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 163 یاریی کردووە، 170 گۆڵی لێکراوە و 50 کلین شیتی کردووە. نازناوێکی سێریا ئەی و نازناوێکی جامی سوپەری ئیتاڵیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.